خەیاری خۆمانە کیلۆی بە نرخی کۆ بە 300 دینارە. فۆتۆ: 964
هاوردە یەخەی تەماتە و خەیاری پێنجوێن دەگرێت
964+
ئەحمەد مستەفا
نرخی تەماتە و خەیاری زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن بە دڵی جوتیاران نییە، بڕیارە سبەی یەکشەممە هاوردەی ژمارەیەک بەرهەم لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
تەماتە بە 400 دینار و خەیار بە 300 دینار دەفرۆشرێن، دابەزینی بەهای بەرهەم رووی لە جوتیارانی پێنجوێن کردووە، بڕیارێک هەیە بە فەرمی سبەی یەکشەممە (10.9.2023) بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ لە ئێرانەوە (خەیار، تەماتە و باینجان) هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت.
رەوەند بەکر، جوتیار لە گوندی کانی میرانی بابا عەلی لە دەشتی پێنجوێن، ئەمرۆ شەممە (9.9.2023) بە 964ی وت، “نرخی ئێستای بەرهەمەکان بە گشتی لە بەرژەوەندیی بەرهەمی جوتیاراندا نییە، ئەگەر هاوردەش دەستپێبکاتەوە نرخەکان زیاتر دادەبەزن”.
بە وتەی ئەو جوتیارە بێت، “نمرە بۆ کوالێتی و بەرهەمی کشتوکاڵییەکانیان دانراوە، ئەوانەی تامیان خۆش و روویان جوان بێت نرخیان بەرزە، هەندێک بەرهەم هەن بە کەمتر لە کۆی تێچووی بەرهەمهێنانی ساغ دەکرێنەوە”.
هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو کولەکە و بیبەر بوون بە 500 دینار کە پێشتر بە 700 بۆ 1.250 دینار بوون، هەروەها شووتی بووە بە 300 دینار و کاڵەک بۆ 350 دینار دابەزیوە، کە پێشتر بە زیاتر لە 500 دینار و بە نرخی کۆ فرۆشراون.