چەندین تۆن خوێی خراپ بوو دەستی بەسەردا گیرا
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
بەڕێوەبەرایەتی گومرکی دهۆک، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا 109 تەن خوێ بەهۆی خراپی کوالێتییەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە.
بێوار سەڵاحەدین، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گومرکی دهۆک بە 964+ـی وت؛ هەر مادەیەک کە دێتە پارێزگای دهۆک یەکەمجار پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەوەش لە رێگای لیژنەیەک کە نوێنەری تەندروستی و ئاسایش لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گومرکی دهۆک پێکەوە بڕیار دەدەن، پشکنین بۆ مادەکە دەکرێت ئەگەر دەرنەچوو رێگا نادرێت بێتە ناو سنوری پارێزگای دهۆک و دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە.
بێوار سەڵاحەدین ووتیشی؛ لە حەوتی ئەم مانگە 79 تۆن خوێ گەڕێندراوەتەوە شوێنەکەی خۆی، هەروەها لە 11ـی ئەم مانگە 30 تۆن گەڕێندراوتەوە، کۆی گشتی دەبن بە 109 تۆن خوێ، ئەو خوێیەی کە دەستی بەسەردا گیراوە لە وڵاتی ئێران و عێراقەو هاوردە کراوە.
بێوار سەڵاحەدین ئەوەشی روونکردەوە؛ کە هەر مادەیەک پێش ئەوەی بدرێتە دوکانداران و لەبازار بفروشرێت، لە تاقیگە پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەگەر بە کەڵکی خواردنەوە بێت و هیچ کێشەی نەبێت ئەوا رێگای پێ دەدەن لەبازار بفرۆشرێت، بەڵام ئەگەر لە تاقیگە دەرنەچوو ئەوا لیژنەکە بڕیار دەدات کە ئایە ئەو مادەیە لەناو دەبرێت یان دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە.