ئەو کچەی ئەسپ زامداری کردبوو پێویستی بە نەشتەرگەرییە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە گەڕەکی حاجی غەنی شاری ئاکرێ، ئەسپێک کە دیارنییە خاوەنی هەبێت، لووشکە لە کچێکی تەمەن نۆ ساڵان دەدات و زامداری دەکات، بڕیارە لە نەخۆشانەیەکی دهۆک نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، رووداوەکە کاتژمێر 7:00ی ئێوارە روویدا بوو، کچێک هێنرایە نەخۆشخانە کە ئەسپ لووشکەی لە سنگی دابوو، ئاو لە سنگی کۆبووەتەوە، دوای چارەسەری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کرا.

لەبارەی هەبوونی ئاژەڵی بێ خاوەن لە کۆڵانەکانی ئاکرێ، زێرەڤان تەمۆ بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، “لەبەرئەوەی هەڵکەوتەی گەڕەکەکانی ئاکرێ وایە، لەبەشێکیان بۆ کاری گواستنەوە ئاژەڵی وەک کەر و ئەسپ بەکاردەهێنێرێت، بۆیە ئاژەڵی بێ خاوەنیش هەن، ئێمە نازانین ئەو ئاژەڵەی کەتنەکەی ناوەتەوە هی کێیە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی