بێلولە گڕی لێ دەبێتەوە
+964
هونەر فارس
ئاگر لە دەشتی بێلولەی سنوری ناحیەی مەیدان کەوتۆتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە، بەرگری شارستانیش ترسی هەیە ئاگرەکە شاخی بەمۆش بسووتێنێت.
ئاگرەکە نزیکەی دوو کاتژمێرە کەوتووەتەوە و بەشێکی زۆر پووش و پاوانی سنورەکەی سووتاندووە و بەرەو شاخی بەمۆ تەشەنە دەسێنێت.
عەزیز محەمەد بەرپرسی بنکەی ئاگر کوژێنەوەی ناحیەی مەیدان، هۆکاری کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگرەکەی بۆ زۆری پووش و پاوان و بەهێزی بای ئەمڕۆی سنورەکە گەڕاندەوە.
بە 964یشی وت، هەندێک گردۆڵکە وەک بەربەست لەبەردەم ئاگرەکەدا هەن، گەر نەتواندرێت ئاگرەکە لەو گردۆڵکانەدا کۆنترۆڵ بکرێت ئەوا ئاگر دەگاتە شاخی بەمۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان تەنیا سێ ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوەیان هەیە و هەر سێ ئۆتۆمبیلەکەیان ناردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرەکە.
964ویستی زیانی ئاگرەکە بزانێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکەوە تا ئێستا نەتواندراوە زیانەکان بخەمڵێندرێت.