تەندروستی سلێمانی: لەمەودوا هەموو سکچوون و رشانەوەیەک بە کۆلێرا دادەنێین

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لەمەودوا لە سلێمانی، هەموو حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە بە کۆلێرا دادەنرێن و سامپڵی پشکنینەکان نانێردرێن بۆ بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6.9.2023، د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا وەک کۆلێرا مامەڵە لەگەڵ هەموو حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە دەکەن و چیتر نمونەی پشکنینەکان نانێرن بۆ بەغدا.

بە وتەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، هۆکاری بەربڵاوی کۆلێرا ئەوەیە “بەشێک لەو شەمعانەی کە ئاو بۆ هاوڵاتیان دابیندەکەن لەژێر چاودێریدا نین”.

بەپێی ئاماری تەندروستی سلێمانی، تاوەکو ئێستا 10 تووشبووی کۆلێرا لە بەغداوە پشتڕاستکراونەتەوە، بەڵام رۆژانە نزیکەی 100 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن.

هەروەها رۆژانە نزیکەی 600 کەس سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەکەن و لەو ژمارەیە 200 بۆ 250 توشبووی سکچوون و رشانەوە تۆماردەکرێن.