سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پسولەی خۆراکی هەولێر مەکەن
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی پسولەی خۆراکی هەولێر هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، هەموو مامەڵەیەکیان وەستاندووە و سەردانیان نەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتیانی شاری هەولێر دەکاتەوە ئەوانەی مامەڵەی هەریەکە لە زەواج، بیان ولادە، گواستنەوەی ناو شار و دەرەوەی شاریان هەیە بەتەواوی راوەستاوە و پێویست ناکات سەردانیان بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، هۆکاری وەستانی ئەو مامەڵانە بۆ رێکارەکانی گۆڕینی پسولەی خۆراکە لە کاغەزیەوە بۆ ئەلیکترۆنی دەگەڕێنێتەوە.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە مامەڵەی تۆمارکردنی منداڵ بکرێتەوە، ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەیەک ساڵ بەسەرەوەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆری منداڵ ناویان تۆمار نەکراوە.
بەگوێرەی وتەی سیامەند قادر، تەنیا لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ هەزار و 850 منداڵ لە پسولەی خۆراکی هەولێر ناویان تۆمارکراوە.