بەرهەمی داری قەیسی.وێنە:+964
بولبول و نەخۆشی نەیهێشت خانەقین خێر لە قەیسی ئەمساڵ ببینێت
964+
زینوێ حەسەن
بولبول و نەخۆشی یەخەی داری قەیسی باخەکانی خانەقین بەرنادا و ئەمساڵ وەک پێویست بەرهەمیان نەبووە و ئەوەشی هەیە بەرهەمێکی باش نییە.
قەیسی میوەیەکی هاوینەیە و جگە لەوەی بە تەڕی تامێکی خۆشی هەیە وشکیش دەکرێتەوە و وەک و شەربەت و شلەش بەکار دەهێنرێتەوە.
یەکێک لە خاوەن باخەکان بۆ 964 قسە دەکات و دەڵێت، ئەگەر قەیسییەکان بە تەڕی ببەنە بازاڕ پارە ناکات و ناچارن وشکی بکەنەوە بۆئەوەی پارەیەکی زیاتر بکات، چونکە ئەمساڵ بە هۆی دوهۆکارەوە خێرمان لێ نەبینی وبازارمان نەبوو.
وتیشی، “بەهۆی توشبوونی دارەکان بە نەخۆشی و خواردنی قەیسیەکان لەلایەن مەلەکانەوە بە تایبەت بولبول ئەمساڵ نەیهیشت خۆمانیش تامی قەیسی بکەین بۆیە ناچاربووین بە زووی دەست بە لێکردنەوە وشکردنی بکەین بۆ ئەوەی لە بازارەکان بیفرۆشین و لەوە زیاتر تووشی زەرەر نەبین”.
مەتحەت فڵامەرز 45 ساڵە دوکاندارە لەناو بازاری خانەقین بە 964ـی وت، خەڵک لەم وەرزی گەرمادا قەیسی دەکڕێت، جگە لە چێشت لێنان وەک دەرمان و چارەسەری خۆربردن بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی کەم بووە و بە گرانیش فرۆشراوە.