دوو خانوو رێگرن لە تەواوکردنی شەقامێکی دووساید

964+

دیلان محەمەد جەزا

زیاتر لە دوو مانگە پڕۆژەی دوو سایدی شەقامی دابان لە گەڕەکی کارێزە وشک دەستی پێکردووە، بەڵام دوو خانووی زیادەڕۆ هەیە ئاستەنگی بۆکارەکان دروست کردووە.

یەکێک لەو خانوانە نزیکەی پێنج مەتر لەناو شەقامەکەدایە، پێویستە بۆری ئاو لە ژێر شۆستەکاندا رابکێشرێت، بەهۆی ئەو خانوانەوە دەبێت بۆریەکان بە ژێر شەقامەکەدا بڕوات.

مەهاباد شەریف سەرپەرشتیار گشتی لە شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، داواکاریان لە سەروو خۆیان کردووە، بەڵام نازاندرێت بۆچی تاوەکو ئێستا نەڕوخێندراون ئەو خانوانە، چاوەڕوانی وەڵامن گەر نەڕوخێندرێن ئەوا ناچارن هێڵی ئاوەکان بە ژێر شەقامەکەدا رابکێشن.

بەهۆی لانەبردنی ئەو زیادەڕەویانەوە کێشە بۆ شۆستەکە دروست دەکات، کە سێ مەترە و رێگرە بۆ دروست کردنی شۆستە و شەقامەکەش، ساڵانێکە زۆرینەی زیادەڕۆیەکانی ئەو شەقامە لابراون.

درێژی شەقامەکە نزیکەی 600 مەترە و دوو ساید دەکرێت و بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە دیزاینەکەدا ئەندەرپاسێکیش هەیە و پێویستی بە بودجەیەکی دیکەیە، لە ماوەی ساڵێکدا دەبێت تەواو ببێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی