بنکەی ئاگر کوژێنەوەی رزگاری. وێنە:964
200 دۆنم پووش و پاوان سووتا بەڵام ئۆتۆمبێڵی ئاگر کوژێنەوە گازی نەبوو
964+
هونەر فارس – گەرمیان
بنکەی ئاگر کوژێنەوەی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار تەنیا چوار ئۆتۆمبیلیان هەیە، یەکێکیان لەکارکەوتووە و سیانیان بێ گازن.
شەوی رابردوو لە گوندی گامەخەڵی سەر بە ناحیەی رزگاری نزیکەی 200 دۆنم پوش و پاوان سوتان و هیچ ئۆتۆمبیلێکی ئاگر کوژێنەوە بە هانایانەوە نەچوو، دەوترێت بەهۆی بێ گازی ئۆتۆمبێڵەکان بووە، ئەمەش بەوتەی هاوڵاتیەکی گوندی گامەخڵی.
هاوڵاتیەک کە ناوەکەی لای 964 پارێزراوە وتی، “ئاگر لە پووش و پاوانی گوندەکە کەوتەوە، تەلەفونمان بۆ ئاگر کوژێنەوەی ناحیەی رزگاری کرد، بەڵام ئەوان پێیانووتین گاز لە ئۆتۆمبیلەکانماندا نیە، دەبێت تەلەفون بۆ مدیر ناحیە بکەن بۆ ئەوەی گاز بۆ ئۆتۆمبیلەکان دابینبکات”.
بۆ ئەو مەبەستە 964 پەیوەندی بە ئیسماعیل عەلی بەڕێوەبەری بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی رزگاریەوە کرد، لە وەڵامدا وتی، “تانکی ئۆتۆمبیلەکانمان لە نیوە کەمتر گازی تێدایە و ناتوانین بۆ شوێنی دوور بڕۆین”.
باسی لەوەشکرد، ئەوان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیانەوە گازیان بۆ دابین دەکرێت و لە کۆتایی مانگەکاندا بێ گازی تەنگیان پێ هەڵدەچنێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی