هەندێک ماڵ وەک بخوور بەکاریدێنن
وەرزی پێگەیشتنی تۆوی ئەسپەنە
964+
زینوێ حەسەن
ئەسپەن یان ئەسپەندەر یەکێکە لە گژوگیا سروشتییەکان لەوەرزی هاوین و لە گەرمیەکی بەرز و خاکێکی تەخت دەڕوێت، گیای ئەسپەن لە هەندێک ناوچەی کوردستانیش دەڕوێت.
گیای ئەسپەن گەڵایەکی خڕو بچکۆلەیە و قەدەکەی بە ئەندازەی پەنجەیەک ئەستوورە رەنگی زیاتر شینی ئاسمانیە تا سەوز، بەرێک دەگرێت هێندەی دەنکە نۆکێک، ناوەکەی پرە لە تۆوی رەشی ورد.
بەری ئەم گیایە بە تەڕی کۆدەکرێتەوە و دەزووی دەکرێت و وەک جوانکاری بەناو ماڵدا هەڵدەواسرێت، زۆربەیجار ئەسپەنەکە وشک دەکرێتەوە و دواتر وەک بوخوور دەسوتێنرێت و دوکەڵەکەی بەناو ماڵدا دەگێرن، هەندێک خەڵک باوەڕی وایە “بۆ چاوەزار” بەکاردێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە مێژوودا، ئەسپەن یان ئەسپەندەر بۆ نەخۆشی و لەنێوبردنی وزەی خراپ لە ماڵەکاندا بەکارهاتووە، ئەم باوەڕە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
سووتاندنی گیا و تۆوی ئەسپەندەر کە نەریتێکی کۆنە، باوەڕوایە سووتاندنی ئەم تۆوە و بڵاوکردنەوەی دوکەڵەکەی، بەخت و بەرەکەت بۆ ماڵەکان دەهێنێت.