بنكه‌یه‌ك نییه‌ فریاى ناحیه‌ى رزگارى بكه‌وێت

964+

هونەر فارس – گەرمیان

سەرباری زۆری ژمارەی دانیشتوانی، کەچی تا ئێستا نەتواندراوە بنکەیەکی پۆلیسی فریاکەوتنی 104 لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار دابنرێت، دانیشوانی ناحیەکەش کردنەوەی بنکەکە بە پێویست دەزانن.

بە گوێرەی ئامارە نافەرمیەکان، ژمارەی دانیشتوانی ئه‌و ناحیەیە لە ئێستادا سەرووی 68 هەزار کەسە و نزیکەی 15 هەزار ماڵ لە نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان تێیدا دەژین.

قەرەباڵغی ناحیەکە و زۆری ژمارەی دانیشتوانی بوەتەوە هۆی ئەوەی هەندێک جار هۆکاری نەخوازراو تێیدا روو بدات، هەر بۆیە دانیشتوانەکەی دانانی بنکەیەکی پۆلیسی 104 بۆ ناحیەکەیان بە پێویست دەزانن.

هاوڕێ کرێکار یەکێک لە رۆژنامەنوس و چالاکوانانی ناحیەکەیە، لە رێگەی 964ـەوە، داوای کردنەوەی بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن دەکات و دەڵێت “بەهۆی نەبوونی بنکەی فریاکەوتنەوە ئەو رووداوانەی لە ناحیەکەدا روودەدەن تا گەشتنی تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش رووداوی نەخوازراویان لێدەکەوێتەوە”.

964 پەیوەندی بە عەلی جەمال وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانەوە کرد، ئەویش پێیوایه‌ ناحیەکە گەورە بووە و پێویستی بە دانانی بنکەی فریاکەوتنە.

وتیشی “بەڵام کردنەوەی بنکە پێویستی بە رەزامەندی و میلاک هەیە، بۆیە بەهۆی باردۆخی داراییەوە ناتواندرێت لە ئیستادا کار بۆ کردنەوەی بنکە لە ناحیەکەدا بکرێت”.

964دەزانێت، بەهۆی فراوانی ناحیەکەوە لە ئێستادا داوای بە قەزابوونی دەکرێت، بەڵام تائێستا خزمەتگوزاری ناحیەکە لە ئاست پێویستی دانیشتوانەکەی نیە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن