زاخۆ وەک یەکەم شار دەبێتە خاوەنی نەخشەی وەبەرهێنان

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بە بڕی یەک ملیۆن و 600 هەزار دۆلار، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا دەبێتە خاوەنی نەخشەی وەبەرهێنان.

بە وتەی بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، یەکەم جارە شارێکی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی نەخشەی وەبەرهێنان، پێشبینیش دەکرێت پرۆژەکە هەزاران هەلی کار بڕەخسێنێت.

لیژنەیەکی تەکنیکی لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی رووپێوی بۆ نەخشەکە بکەن و لەسەر رووبەری 10 هەزار و 800 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت.

پرۆژەکە دەکەوێتە باشووری شاری زاخۆ، پیشەسازی سووک و ژمارەیەک کارگەی ژینگەدۆست و بازرگانی و گەشتوگوزار و یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت.

جگەرخوێن تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، لە ٪75 رووپێوی بۆ نەخشەکە کراوە و ماوەی تەواوکردنی رووپێوی پروژەکە 252 رۆژە و 21 مانگ بۆ دیزاینکردنی پرۆژەکە دەستنیشانکراوە.

“دوای تەواوبوونی رووپێوی، یەکسەر دەست بە دیزاینکردنی پرۆژەکە دەکەین و هەموو زانیارییەکی پەیوەست بە پرۆژەکە دەخەینە ناو وێبسایتی حکومەتەوە بۆئەوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە سوود لە زانیارییەکان وەربگرن و پرۆپوزەلی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لەو پرۆژەیەدا پێشکەش بە ئێمە بکەن”، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ وای وت.

جگەرخوێن تاهیر دەشڵێت، مەبەستمان لەم پرۆژانە هەمەڕەنگکردنی داهاتی هەرێم و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوورییە، ئێمە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکەین، بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان ئەنجام بدەن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر