لە گوندی وەردەک دوو کەس کوژران و کەسێک بریندار بوو

+964

سەعید محەمەد

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٧ـی کانونی یەکەم، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، دوو کەس دەکوژرێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەبێت.

حەبیب کاکەیی، بەرپرسی ناوچەی بەرتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە +964ـی وت؛ کێشەکە هی چوار مانگ پێش ئێستایە کە لەنێوان دوو بنەماڵەدا روویدا، ماڵی تۆمەتبار گوندیان جێهێشت، بەڵام “چەند رۆژێکە ماڵەکە گەڕاونەتەوە گوند و خەڵکی سەردانیان دەکەن وەکو بەخێرهاتنەو”.

زیاتر وتی “ئەو بنەمالەی کێشەیان لەگەڵ ئەم خانەوادە هەبوو کە هەردوولایان کاکەیین و خزمی یەکترن، ئێوارەی ئەمڕۆ هەلیانکوتایە سەر ماڵەکە و دەسترێژی گولەیان لێکردن بەهۆیەوە خاوەن ماڵە دەکوژرێت و کوڕێکیشی بریندار دەبێت، کەسێ دیکە کە دراوسێی ماڵەکە بووە، ئەویش دەکوژرێت کە بەسەردان لەوێ بووە، ئەو کەسەش پێشەی ئاسایشە”.

بەقسەی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی بەرتلەی پارتی، دوای رووداوەکە ئەو ماڵەی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی دیکە، گوند چۆڵ دەکەن، تا ئێستاش کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.

گوندی وەردەک دەکەوێتە سنوری دەشتی نەینەوا لە سنوری ماددەی 140، دانیشتوانەکەی کاکەیی نشینن.