شارەوانی دەربەندیخان هاواری لێ هەستاوە بەدەست زبڵەوە

964+

توانا نەقی

سەرەڕای کارکردنی کۆمپانیای پاککەرەوە لە دەربەندیخان بەڵام وەک شارەوانی دەڵێت پابەند نەبوونی هاوڵاتیان وایکردووە لە ناو بازاڕ و زۆربەی گەڕەکەکانی شار زبڵ و خاشاکێکی زۆر بڵاوببێتەوە.

فرێدانی زبڵ بە شێوەیەکی زۆر لەسەر شەقام و شۆستەکان سیمایەکی ناشرینی بە شار بەخشییوە، لە کاتێکدا دەتوانن تا سەیارەی خۆڵ دێت لە سەتڵ و عەلاگەی تایبەت بەخۆڵ دایبنێن.

عوسمان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە 964ـی وت، کۆمپانیا ئیشی خۆی دەکات رۆژناڕۆژێک کۆڵانەکان و هەمو رۆژێکیش ناو بازاڕ پاکدەکەنەوە، بەڵام هاوڵاتیان هاوکار نین لە راستیدا.

وتیشی، مانای نییە خەڵک پاشماوەی زبڵ و خاشاکەی لەسەر کۆڵان و شۆستە و شەقامەکان فرێدەدەن و نایخەنە سەتڵێک یان عەلاگەیەک تا ئەوەنە سەیارەی خۆڵەکە دەگات، نازانن چۆن هاوڵاتیان تێبگەیەنن و بەقسەیان ناکەن.

لەو وێنانەی شارەوانی بڵاویکردووەتەوە دەردەکەوێت کە چۆن لە کۆڵان و سەرشەقام و شۆستەکان زبڵێکی زۆر بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: رەچاوی باری دارایی خەڵک دەکەن ئەگینا سزای توندی ئەو کەسانە دەدەن کە ئەو کارە دەکەن، دەبێت ئیدارەی شاریش کارێکی وابکات کە خەڵک واز لەو رەفتارانە بهێنن.