پرۆژەیەکی گەشتیاری بووەتە هۆی مردنی هەزاران ماسی
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ماوەی دوو مانگە کۆمپانیایەک، دروستکردنی قۆناغی دووەمی کۆرنیشی پردی دەلالی دەستپێکردووە و بەهۆکاری داخستنی لایەکی خابوور بەهەزاران ماسی مرداربوونەتەوە و ئەوانەشی ئێستا زیندوون مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
عەلی نیعمەت، بەرێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی زاخۆ بۆ 964 وتی، “ئێمە ئاگاداری گرتنی دەرگای پۆندەکە نین و مۆلەتی داخستنی لە ئێمە وەرنەگیراوە، تەنها دەزانین لەبەر دروستکردنی پرۆژەیەکی گەشتیاری لایێکی خابور گرتوویانە.
نزیکەی ساڵێکە لەسەر رووباری خابوور پێنج پۆند دروستکراوە، داخستینی یەکێک لە پۆندەکان بووەتە هۆکاری مرداربوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ماسی.
هۆشیار مستەفا، بەرێوەبەری سەرپەرشتیاری وەبەرهێنانی زاخۆ بۆ 964 وتی، “جگە لە دروستکردنی پروژەکە، ئاوی خابووریش لە کوتایی وەرزی هاوین کەم دەبێتەوە، بۆیە تەنیا دروستکردنی پروژەکە هۆکاری مردنی ماسییەکان نییە، بەڵکو کەمبوونەوەی ئاوی خابووریش ئەگەرێکی دیکەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکە ساڵی لەماوەی ساڵانی رابردوودا ئاوی خابوور بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە، جگە لە مرداربوونەوەی ماسی بۆنێکی ناخۆشیشی دروستکردووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی