رێگەوبانی چەمچەماڵ: رێگە پڕ لە تاسەکەی بانی مەقان پینە دەکرێت

964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

رێگەی سەرەکی کەرکوک – سلێمانی، ئەو بەشەی کە لە بانی مەقانەوە دەستپێدەکات و بەناو چەمچەماڵدا تێدەپەڕێت، پڕ بووە لە چاڵ و چۆڵی و بەرپرسانی رێگاوبانیش دەڵێن، بەزووی پینەی دەکەن.

ئەو چاڵ و چۆڵیانەی رێگە سەرەکیەکە، مەترسی جدیە لەسەر شۆفێران و مەترسی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلیش هەیە بەهۆی نەشارەزایی گەشتیارانەوە.

هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی رێگەوبانی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “بەم نزیکانە دەست دەکەین بە پینەکردنی رێگەکە، لە خوار بازگەی بانی مەقان تاوەکو ناوچەی ئاوە تەقیوەکە لە چەمچەماڵ، بە بڕی 50بۆ 60 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی وێستگەکانی کێش”.

وتیشی، هەروەها تەندەرێکیان ئامادەیە و بەس راگەیاندنی ماوە، بە بڕی 400 ملیۆن دینار ئەو شوێنانە نۆژەن دەکرێنەوە لە بەری هەردوو سایدەکەوە.

964 دەزانێت، رۆژانە هەزاران هاوڵاتی لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەکەن و رێگەی سەرەکیە لە نێوان کەرکوک و پارێزگاکانی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی.