باجی خانووبه‌ره‌ و زه‌وی ده‌كرێته‌ دیجیتاڵی

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم رایگه‌یاند، سیستەمی دیجیتاڵی فۆڕمی خەمڵاندنی گشتیی باجی خانووبەرە و زەوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت کێشە لە نێوان خاوەن موڵک و کرێچییه‌كان نه‌هێڵێت و کارئاسانی تەواو بۆ رایکردنی مامەڵەی هاولاتیان بكات.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئاوات جەناب نوری وه‌زیری دارایی و فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، كه‌ دووشه‌ممه‌ كرا، ئه‌وه‌ رایگه‌یاندرا سیستمی بەدیجیتاڵکردنی فۆڕمی خەمڵاندنی گشتیی باجی زەوی و خانووبەرە به‌م زووانه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمەوە دروست کراوە.
وه‌زیری دارایی ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ گرنگ بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزاری و ژێرخانی دام و دەزگاکان ده‌زانێت.
وه‌زاره‌تی دارایی له‌ فه‌یسبوك رایگه‌یاندووه‌، پرۆسه‌كه‌ بناغەیەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و زیادبونی شەفافیەت و بەرجەستەکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
هه‌ر له‌ باره‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌، کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری رایگەیاندووه‌، سەدان هەزار خاوەن موڵک و کرێچی لە سیستمەکە سوودمەند دەبن و داتای دروست بەردەست دەخات و چەندین کێشە لە نێوان خاوەن موڵک و کرێچی ناهێڵێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، کارئاسانی تەواو بۆ رایکردنی مامەڵەی هاولاتیان لە فەرمانگەکانی باج و خانوبەرە دەکات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.