ساغكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆ؛

پڕۆژه‌یه‌كی گەشتیاری كۆیه‌ نه‌كراوه‌ته‌ باره‌گای سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكی

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى كه‌ سوپای ئەمریکا، لە چیای هەیبەت سوڵتان، سەیرانگای “کۆساری گەشتیاریی” کردووه‌ته‌ بارەگای هێزەکانی خۆى، 964 سۆراغى ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى كردو سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه‌ش ده‌نگۆكه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

له‌ دوێنێوه‌، به‌شێكی سۆشیال میدیاكانى قه‌زاى كۆیه‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش واى له‌ خاوه‌نى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كرد، وه‌ڵامی پێویستى هه‌بێت.

شوانه‌ نه‌جم، سه‌رپه‌رشتیارى پڕۆژه‌ى كۆسارى گه‌شتیاری له‌ كۆیه‌، به‌ 964ـى وت “ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌مان هه‌روه‌كو خۆیه‌تى و نه‌كراوه‌ته‌ باره‌گاى سه‌ربازى هیچ لایه‌ن و وڵاتێك”.

روونیكرده‌وه‌، دروستبوونى ئه‌م ده‌نگۆیه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ گوایه‌ دوێنێ چه‌ند ئوتومبێلێكی سه‌ربازى ئه‌مریكی به‌ناو كۆیه‌دا رۆیشتوون بۆ دوكان.

هەموولایەكیش دڵنیادەکاتەوە كه‌ هیچ هێزێك له‌ناو پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌یان بوونی نییه‌ و ده‌شڵێت “ده‌رگاى پڕۆژه‌كه‌مان كراوه‌یه‌ و گه‌شتیاران ده‌توانن سه‌ردانمان بكه‌ن”.

به‌قسه‌ى سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه‌، ئه‌و پارچه‌ ڤیدیۆى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، شه‌وى رابردووى پڕۆژه‌كه‌یانه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرى گه‌شتیار سه‌ردانى كردوون.

964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ تاریق حه‌یده‌رى قایمقامى قه‌زاى كۆیه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵام نه‌درایه‌وه‌.