نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاستەنگی زۆر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراقدا ھەیە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئاستەنگی ئەمنی و شوێنی نیشتەجێبوون و ھەلی کار و قەرەبوو کردنەوە، ئاستەنگی سەرەکیین لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە سەردانێکدا بۆ کەمپی ئاوارکانی هەرشەم لە هەولێر، غولام ئیسحاق، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگسازی نشینگە و مرۆیی، رایگەیاند، دوای نۆ ساڵ لە مانەوەی ئاوارەکان لەو کەمپە، هێشتا گیروگرفتی وەک سەقامگیری و هەلی ژیان و دابینکردنی شوێن و قەرەبوو هێشتا بەربەستن لەبەردەم گەڕانەوەی زیاتر لە 1200 ئاوارە بۆ زێدی خۆیان.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، “چارەسەری درێژخایەن تاکە چارەسەرە”.

لەدوای ساڵی 2014 -ەوە و هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە، بەو هۆیەوە ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق زیاتر لە ملیۆنێکی تێپەڕاند و بەشی زۆری ئەو ئاوارە لە هەرێمی کوردستان بوونە.

بەپێی داتایەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە لە ملیۆنێک کەس.

دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان %30 ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەنێو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین، کە سەرجەمیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.