چوار یاریزانی کوردن
عێراق پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتیی موای تای عەرەبی بەدەستهێنا
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
هەڵبژاردەی موای تای عێراق بەدەستەبەرکردنی 11 مەدالیا پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتیی عەرەبی مسۆگەر کرد.
بەبەشداری نۆ وڵات و لە رۆژانی 24 تا 27 ئەم مانگە لە وڵاتی لیبیا، پاڵەوانیەتی موای تای بۆ وڵاتانی عەرەب بۆ ئاستی لاوان بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێراق بە 16 یاریزان بەشداریی کرد، کە چوار لەو پاڵەوانانە کورد بوون.
سیروان مینە ئەندامی فیدراسیۆنی موای تای عێراق بە 964ـی وت، پاڵەوانیەتییەکە لە ئاستێکی بەرزدا بوو، چونکە بەشێکی زۆری یاریزانانی وڵاتانی عەرەبی بەشداریان کردبوو.
وتیشی، ماوەیەکی زۆر ئەو چوار پاڵەوانە کوردە ئامادەکاری باشیان بۆ ئەو پاڵەوانیەتییە کردبوو، کە دواجار بە لێهاتوویی هەر چواریان هەڵبژاردەی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
دوای بەڕێوەچوونی رکابەرییەکان هەڵبژاردەی عێراق بە کۆکردنەوەی 11 مەدالیا، کە 6 زێڕ و 1 برۆنز و 4 زیو بوون، پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا، هەریەک لە پاڵەوانە کوردەکانیش ئەنجامەکانیان بەم شێوەیە بوو.
ئیبراهیم محەمەد، مەدالیای ئاڵتونی بەدەستهێنا
باڵا فاخیر، مەدالیای برۆنزی بەدەستهێنا
رەوا ئارام، مەدالیای زیوی بەدەستهێنا
ئەنەس ئارام، مەدالیای زیوی بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا