“نه‌كرێین به‌ فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی، پاره‌تان بۆ كۆناكه‌ینه‌وه‌”

964+
کاروان ساڵحی ، کەرکوک

فەرمانبەرانی کۆکردنەوەی پارەی کارەبای کەرکوک لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک ئەمڕۆ خۆپێشاندانیان کرد و هەڕەشەئ ئەوە دەکەن، ئەگەر بە هەمیشەیی دانەمەزرێن، چیتر پارە لە هاوڵاتیان  کۆناکەنەوە  ،
مانگانە نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیار دینار لەلایەن فەرمانبەرانی دابەشکردنی پسولەی کارەبا کۆدەکرێتەوە، بە وتەی خۆیان  تا ئێستا ئەو فەرمانبەرانە دانەمەزراون بە شێوەی هەمیشەیی  و ژمارەیان 320 فەرمانبەرە.

ئارام لەتیف یەکێک بوو لە خۆپێشاندەران و بە 964 ی وت،  چوار ساڵە بە شێوەی گرێبەست کار دەکەن و تا ئێستا نەکراون بە هەمیشەیی.

وتیشی، “داواکارین وەزیری کارەبا بمانکات بە فەرمانبەری هەمیشەیی و پێویست ناکات بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، چونکە مانگانە نزیکەی پێنج ملیار دینار پارەی کارەبا لە هاوڵاتیانی کەرکوک کۆدەکرێتەوە”.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک بە 964ی وت، لە سەرتاسەری عێراق 7 هەزار فەرمانبەری دابەشکردنی پسولەی کارەبا هەن و گرێبەستیان هەیە، وەزارەت ناتوانێت بڕیاری لەو شێوەیە بدات، پێویستە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دامەزراندنی هەمیشەییان بدات، هەرچەندە پارە هەبێت لە وەزارەتی کارەبا وەزیر دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیاری لەو شێوەیە بدات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا