پاس و مینی پاسەکانی دهۆک لەسەرەی بەنزین نەجاتیان بوو

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە سبەینێوە بەنزینخانەیەک لە دهۆک تەرخاندەکرێت بۆ پاس و مینە پاسەکان بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری.

بە فەرمانی قایمقامیەتی دهۆک و بە بڕیاری نەوت و کانزاکانی ئەو پارێزگایە بەنزینخانەکە تەرخان کراوە بە مینیپاسەکانی هێلەکانی گواستنەوەی ناو شار.

جەهوەر عەزیز قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆک بە 964ـی وت، دوای ئەوەی خاوەن پاس و مینی پاسەکان گلەیی ئەوەیان کرد کە ماوەیەکی زۆر لە سەرەی بەنزیندا دەمێننەوە و ئەگەریش وا بڕوار ناچارن کرێ زیاد بکەن ئەو بڕیارەیان داوە.

پاس و مینی پاسەکان کاریان گواستنەوەی هاوڵاتیان و خوێندکاران و فەرمانبەرانە لە ناو شاردا.

محسن تەها بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە 964ی وت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نرخی هاتوچۆی هاولاتیان بکریت و نرخەکەی لەلایەن پاس و مینی پاسەکان گران نەبێت، لەسەر راسپاردەی قایمەقام یەکیک لەو بەنزین خانانەی بەنزینی 750 دابەش دەکات تایبەت دەکریت بە پاس و مینی پاسەکانی دهۆک.

وتیشی، دەتوانن سوودی لێ وەرگرن و هەر ئەمرۆ شەممە بڕیارەکە کەوتە بواری جێبەجێ کردن و هەفتەی دوو جار بەنزینیان پێدەدرێت.

رۆژانە 13 تەنکەری بەنزین کە دەکاتە 465 هەزار لیتر بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دابین دەکرێت.

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک رۆژانە پێنج بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن و ئیستا یەکێکیان تایبەت دەکریت بە پاس و مینی پاسەکان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی