گەشتوگوزاری هەولێر داوای لە وەبەرهێنەران هەیە

دوو ساڵە فێستیڤاڵ لە تەق تەق دەکرێت و هیچ هۆتێلێکی لێ نییە

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر لە فێستیڤاڵی تەق تەق داوا لە وەبەرهێنەران دەکات، لەسەر زێی تەق تەق هۆتێل و مۆتێل بۆ گەشتیاران دروست بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە دوو ساڵە فێستیڤاڵ لە تەق تەق دەکرێت، بەڵام هیچ هۆتێلێکی لێ نییە.

ماوەی دوو رۆژە فێستیڤاڵی “تەق تەق بوکی رازاوەی کەنار زێی بچووک” بۆ بەرهەمی هەنجیر و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی ئەو ناوچەیە کراوەتەوە.

دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “هەبوونی ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکی باشە بۆ وەبەرهێنەران کە بۆ ساڵی ئایندە هۆتێل و مۆتێل لەسەر زێی تەق تەق “زێی بچووک” دروست بکەن، بۆ ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت بۆ چەند رۆژێک لەو ناوچە گەشتیارییە بمێننەوە”.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر دەلێت، ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکی باشە بۆ بەبازاڕکردنی کەرتی گەشتوگوزار لەناحیەی تەق تەق، چونکە هەبوونی زێی بچووک و کشتوکاڵ و سەوزایی، دەرگای بەڕووی گەشتیاران بۆ ناحیەی تەق تەق کردووەتەوە، ساڵی داهاتوو تەق تەق دەکەینە شوێنێکی گرینگی گەشتیاری،

دووەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لەتەق تەق، ئەمڕۆ کۆتایی دێت و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەماوەی ئەو دوو رۆژە، زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو فێستیڤاڵەی کردووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی