ئەم هەفتەیە نزیکەی 400 ئاوارەی ئێزدی گەڕاونەتەوە شەنگال
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە لەماوەی هەفتەی رابردوو نزیکەی 400 ئاوارەی ئێزدی گەڕاونەتەوە شەنگال.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی کوچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ هەینی 293 ئاوارەی ئێزدی بەشێوەیەکی خۆبەخش لە دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەمە لە کاتێکدایە سێ رۆژ لەمەوبەر 100 ئاوارەی دیکە لە دهۆکەوە گەڕابوونەوە بۆ شەنگال.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانەیە و بەهاوکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییە IOM بەردەوامە، هاوکات سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە کەمپی ئاوارەکان بێنن لە سەرانسەری عێراق.
دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان 30% ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەناو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین بەجۆرێک لە ھەولێر: 41%، سلێمانی: 19% و دھۆک: 40%.
ساڵی 2014 کاتێک رێکخراوی داعش موسڵ و شەنگال و چەندین ناوچەی داگیرکرد، بەهەزاران خێزانی ئێزدی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.