ئاگاتان لەو خوێیە بێت لە بازاڕدا هەیە
+964
دیلان محەمەد جەزا
لیژنەیەک لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی دروستکراوە، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو خوێیانەی پیشەسازین و بە خوێی خواردن بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێن.
هیوا ساڵح ئەندامی لیژنەی قائیمقامیەتی سلێمانی بە 964 وت، هەڵمەتێکی توند بۆ دەستبەسەرداگرتنی خوێی پیشەسازی لە ژێر چاودێریی پارێزگار و قائیمقامی سلێمانی دەستیپێکردووە، کارگەکانی ناو شاری سلێمانی نموونەیان لێوەرگیراوە، ئەو خوێیانەی لە هەولێر و دهۆکەوە دێن 228 نموونەیان لێوەرگیراوە بۆ تاقیکردنەوە.
تا ئەم ساتە نزیکەی 10 تۆن خوێی پیشەسازی لەناوبراوە، زۆرێک لەو خوێیانە لە ئێرانەوە دێن و لە چەند کۆگایەک دادەنرێت، کە دوورەدەستن.
هۆکاری هاتنی ئەو جۆرە خوێیە بە مەبەستی خۆشکردنی پێستە و بۆ خاڵیکردنەوەی تاوەرەکان و پاککردنەوەی کارگەکان بەکاردێت.
لە پارێزگای سلێمانیدا پێنج کارگەی خوێی فەرمی هەیە، هەندێک شوێن مۆڵەتیان نییە و هەستاون بە لە کیسکردنی ئەو خوێیانە، بەڵام ئێستا کۆنتڕۆڵکراون، لە کۆی 70 نموونەی وەرگیراو تەنیا چوار دانەیان دەرچووە.
خواردنی خوێی پیشەسازی مەترسی لەسەر کەسی بەکارهێنەر دروست دەکات، دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە و هۆکارە بۆ توشبوون بە نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا