قۆناغی دووەمی کوڕنیشی پردی دەلال دەستیپێکرد

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کۆڕنیشی پردی دەلال دەستکرا بە قۆناغی دووی کارکردن تیایدا، پروژەکە پڕە لە رێژەیی سەوزایی و دەرفەتی کار و قەرەبالغی ناو بازاریش کەم دەکاتەوە.

دوای کوتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی کوڕنیشی پردی دەلال، دەست بە قۆناغی دووەم کرا و بەمەش ناوەستێت بەڵکو پلانی ئەوە هەیە بەدرێژایی تێپەربوونی خابوور لەناو سەنتەری زاخۆوە هەمووی بکرێتە گەشتیاری.

خابووری زاخۆ نزیکەی 18 کیلومەتر بەناو زاخۆدا تێدەپەرێت، نزیکەی هەشت کیلومەتر لەو درێژییەی دەکرێتە پروژەی گەشتیاری.

شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964ـی وت، دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە خابوور بە ناوەڕاستی شاردا تێدەپەڕێت و هەموو قەراخی رووبارەکە دەکەن بە پرۆژەی گەشتیاری.

وتیشی، قۆناغی دووەمی کارکردن لە کۆڕنیشەکە لە یەکەم جیایە چونکە یاری منداڵان و هەشت خواردنگە و 54 مارکێت و پێنج کافتریای تیادا دەبێت، جگە لە بوونی رێژەیەکی زۆری سەوزایی.

پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ( TOGA ) دروستدەکرێت لەسەر رووبەری هەشت دونم زەوی.

جەگەرخوین تاهر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ بە 964ـی وت، ماوەی پروژەکە دوو ساڵە پارکێکی ئۆتۆمبێلی تێدایە کە کە لە سێ نهۆم پێکدێت و زیاتر لە 200
ئۆتۆمبێل دەگرێت.

رووباری خابوور کە بە ناوەندی قەزای زاخۆدا تێدەپەڕێت دیمەنێکی دڵڕفێن و جوانی هەیە و گەشتیاران و هاوڵاتیانی زاخۆ بەردەوام بۆ بەسەربردنی بەشێکی کاتەکانیان دەچنە ئەو شوێنە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی