وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ریسایکلین بۆ قیری شەقامەکان دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم، سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ریسایکلینە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو قیرەی کە لەسەر شەقامەکان هەڵیدەگرێتەوە.

بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، وەزارەتەکە خولێکی راهێنانی بۆ بەشێک لە فەرمانبەرەکانی کردووەتەوە و پسپۆڕێکی ئەمریکی بۆ هێناون.

ئەمڕۆ هەینی 14.7.2023، ئاگرین عەبدوڵا بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە 964ـی راگەیاند، لە خولەکەدا فەرمانبەرانی وەزارەتەکە فێرکراون کە چۆن قیری رێگاکان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە، هەڵبگرنەوە و تێکەڵڕێژی بکەن و پشکنینی بۆ بکەن.

هەروەها باس لە قۆناغەکانی تری ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی ئەندازەیی کراوە تاوەکو چۆنیەتی فەرشکردنی قیرەکە بۆ جارێکی تر.

بڕیار وایە پرۆژەیەک وەک نمونە بەدرێژایی شەش کیلۆمەتر لەلایەن کارگەی قیری هەولێر جێبەجێبکرێت و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە.