رێگای حەوت گوند لە ئاكرێ قیرتاو دەكرێت
+964
كوردستان ئەحمەد
بە بەهای سێ ملیار و 622 ملیۆن دینار رێگای حەوت گوند لە ئاكرێ قیرتاو دەكرێت.
رێگای گوندەكانی نهاڤا، سیتکا، چەم سماق، دوستان، خەلین و پرا گەشکا تا ئێستاش خۆڵە و قیرتاو نەكراوە، ئێستا دەستكراوە بە قیرتاوكردنی رێگاكان.
رێگاكە لە ناو چیا و شاخ و دۆڵەكاندایە، لە هەندێك شوێن لۆف و پێچ و سەربەرەوخواری هەیە، دەبێت بە شۆفڵ و گلێدەر هەڵبكەندرێت و بكوترێتەوە و دیسان چەوڕێژبكرێت.
رێگاكە بەیەك ئاڕاستەی پانی شەش مەتر و نیو قیر دەكرێت، دوو ئۆتۆمبێل بە ئاسانی دەتوانن هاتوچۆی تێدابكەن.
سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك دەڵێت، رێگاكە زیاترە لە نۆ كیلۆمەتر، هەرحەوت گوندەكە پێكەوە دەبەستێتەوە، ئەگەر رێكارەكانی تەواو بوو دەستدەكرێت بە قیرتاوكردنی 12 کیلۆمەتری تر هەر لە دەوروبەری ئەو گوندانە و دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە.
گوندەكان دەكەونە ناوچە دوورەدەست و شاخاوییەكانی ئاكرێ، بە زستان بەفرێكی زۆری لێدەبارێت و ئاستەنگی هاتوچۆش دروستدەبێت، زۆربەی خەڵكی گوندەكان بە ئاژەڵداری و باخدارییەوە سەرقاڵن.