ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

ژمارەی ئاوارەکان گەیشتە 110 ملیۆن کەس

964+

فەرمان سادق

رۆژ دوای رۆژ ژمارەی ئاوارەکان لە جیهاندا زیاد دەبن، بەپێی نوێترین ئامار ژمارەیان گەیشتووەتە 110 ملیۆن کەس، ئەمەش لەکاتێکدایە لە عێراق ژمارەکە لە سەرووی ملیۆنێک ئاوارەیە.

فیلیپۆ گراندی، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، ژمارەی ئاوارەکان لەسەر ئاستی جیهانی گەیشتووەتە 110 ملیۆن کەس، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و دۆخی ئۆکراین و سوودانیش ئەگەری بەرزکردنەوەی ئەو ژمارەیەی بۆ زۆر لەوە زیاتر هەیە.

بە قسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، شەڕ، ململانێی ناوخۆ، جیاکاری، توندتیژی و گۆڕانی کەشوهەوا، لە دیارترین هۆکارەکانی پەنابەربوون و ئاوارەبوونن.

ئاشکراشیکرد، نیوەی ئەو ژمارەیە ئاوارەی سووری و ئۆکراهین و ئەفغانستانن.

لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش، بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بێت، ژمارەی ئاوارەکان ملیۆنێک و 200 هەزار کەس دەبێت.