دهۆک.. دوو گەنج لە مەلەوانیدا خنکان

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە دوو حالەتی جیاوازدا دوو گەنج لە پارێزگای دهۆک خنکان، پۆلیسیش دەڵێت: پەڕوای لێکۆڵینەوە کراوەتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12.6.2023، گەشتیارێکی عەرەب بە ناوی یاسر عەمار کازم، کە دانیشتووی بەغدایە و بۆ مەبەستی گەشتیاری سەردانی گەلی کانی مازی کردووە لە سنووری ناحیەی چەمانکێ، لە کاتی مەلەکردندا دەخنکێت و گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی دهۆک لەسەر رووداوەکە دەڵێت: بەپێی مادەی 350ـی یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ـی وت، ئەو گەنجەی لە گەلیی کانی مازێ گیانی لەدەستداوە لە شاری بەغدا هاتووە لەگەڵ کۆمپانیای گەشتیاری، ئەمرۆ لەناو ئاودا خنکاوە و تەمەنی 20 ساڵە.

دەشڵێت: تەرمی گەنجەکە نێردراوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک بۆ ئەوەی راپۆرتی پزیشکی لەسەر هۆکاری خنکانەکەی بزاندرێت.

هەر ئەمڕۆ لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵی بە ناوی محەمەد فەریق تەها، لە نزیک پردی مەندان لەکاتی مەلەکردن خنکا.

لەسەر رووداوەکە عەقید ئیبراهیم فەریق، بەرێوبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ـی وت، گەنجەکە بۆ مەلەوانی رۆیشتووە بۆ رووباری خازر و دواتر لەناو ئاودا دەخنکێت، پەیوەندی بۆ تیمەکانمان کراوە و دواتر هەر لەلایەن هاورێکانیەوە لە ئاودا دەرهێنراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش، بەڵام لەدوای گەیشتن بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات و هەر لەوێ رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کرا.

محەمەد فەریق تەها، تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی سەنتەری قەزای بەردەڕەشە و ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێناوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق