وەزیرێکی تەندروستی بە هه‌ڵه‌ی پزیشکی گیانی لەدەستدا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی هه‌واڵى میدیاكانى میسر، بەهۆى هه‌ڵه‌یه‌كی پزیشکییه‌وه‌ وەزیری پێشووترى تەندروستی وڵاته‌كه‌یان گیانی لەدەستداوه‌.

میدیاکانی ئه‌م وڵاته‌، له‌ناویشیاندا پێگەی “قاهیرە 24” ئەمڕۆ سێشەممە 6.6.2023 بڵاویکردەوە، دکتۆر ئەحمەد عیمادەدین، وەزیری پێشووتری تەندروستی میسر و راگری کۆلێژی پزیشکی ئەو وڵاتە بوو، بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، دکتۆر ئەحمەد عیمادەدین، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی دڵی، بڕیاردەدات لە نەخۆشخانەیەکی شاری نەسڕ نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ ئەنجام بدات.

دکتۆر (ن. ف) ئەو کەسەیە کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامداوە، بەڵام وەک میدیاکانی میسر دەڵێن، هەڵەیەکی پزیشکی ئەنجامداوە و بەهۆیەوە دکتۆر ئەحمەد عیمادەدین، گیانی لەدەستداوە.

لە مانگی ئەیلولی 2015 تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2018 وه‌زیری ته‌ندروستى و دانیشتووان بووه‌.

لەسەر رووداوەکە تاوەکو ئێستا نه‌ خانەوادەی دکتۆر ئەحمەد و نه‌ وەزارەتی تەندروستی میسر، هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە.

دکتۆر ئەحمەد عیمادەدین تەمەنی 68 ساڵە و به ‌یه‌كێك له‌ بە ناوبانگترین پزیشکانی نەشتەرگەری ئێسک و شکاوی میسر دادەنرێت، بەتایبەتی لە بواری گۆڕینی جومگەکاندا.

ساڵی 1985 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی و لە ساڵی 1987 ماستەری لە ئێسک و شکاوی بەدەستهێناوە.