ئیتر پاشماوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان تێکەڵ بە ماڵان ناکرێن

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئامێری سووتاندن و لەناوبردنی پاشماوە پزیشکییەکان بۆ گەرمیان دابینکرا و ئیتر پاشماوەکان تێکەڵ زبڵ و خاشاکی ماڵان ناکرێت.

ئامێری”ئۆتۆ کلەیڤ” ئەو ئامێرە تایبەتەیە کە کاری پاککردنەوە و لەناوبردنی پاشماوە پزیشکیەکان ئەنجامدەدات و پێویست دەکات لە هەموو نەخۆشخانەکاندا هەبێت، بەڵام لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان تا ئێستا ئەو ئامێرەیان نەبووە و دوێنێ یەکشەممە بۆیان دابینکراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بخرێتەکار.

پاشماوە پزیشکیەکانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان پێشتر ھاوشێوەی زبڵ و خاشاکی ماڵان فڕێدەدرا، ئەمەش مەترسی ھەبوو لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەسەر زبڵدانەکان شت کۆ دەکەنەوە.

964، زانیاری ئەوەی لە سەرچاوە تەندروستییەکانی گەرمیان بەدەست گەیشتووە کە پاشماوە پزیشکیەکانی ناو نەخۆشخانەکان 85%ـی پاشماوەی ئاسایین و 15%ـەکەی دیکەی ئەو پاشماوانەن کە ڤایرۆساوی دەبن، وەک پێداویستیەکانی نەشتەرگەری و دەرزی و ئەوانەی خوێنیان پێوەیە.

سەبارەت بە چۆنیەتی پرۆسەی لەناوبردنی ئەو پاشماوە پزیشکیانە، ھەڵگورد حەمید، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی شێروانە بە 964ـی وت”ئەو پاشماوانەی کە مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشیان ھەیە لە رێگەی ئەم ئامێرەوە دەھاڕدرێن و دواتر تەعقیم دەکرێت و بەشێوەی بلۆک کەپس دەکرێن، پاشان تێکەڵ بە پاشماوەی ئاسایی ماڵان دەکرێنەوە و فڕێ دەدرێن”

ئاماژەی بەوەشکرد، راھێنان بە سەرجەم کارمەندانی نەخۆشخانە حکومی و ناحکومیەکان دەکرێت تاوەکو سەتڵی تایبەت بەو پاشماوانە دابنرێت و جیابکرێتەوە لە پاشماوەی ئاسایی نێو نەخۆشخانەکان.

لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دوو ئامێری پێشکەوتووی لەناوبردنی پاشماوەی پزیشکی بۆ گەرمیان دابینکراوە، یەکێکیان لە کەلار دادەنرێت و ئەویتریان لە کفری.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق