داوای مافی خۆیان دەکەن

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ فیفا سكاڵا تۆمار ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ بڕیاره‌كانی ناوبژیوانی یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر یانه‌ی زه‌وڕا و دوو یاریی دیکەش ناڕازیین، راشیانگه‌یاند ئه‌گه‌ر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رێوشوێنی پێویست نه‌گرێته‌به‌ر، له‌ فیفا سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا ده‌ڵێن، به‌ توندی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ناوبژیوانان ده‌رده‌بڕین، كه‌ كاریگه‌ریی بۆ ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌یان هه‌بووه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌ یارییه‌كانی خۆیان له‌ گه‌ڕه‌كانی 25، 28 و 29ی خولی نایابی عێراق ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌ڵێن “كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر ئه‌نجامی یارییه‌كانمان هه‌بووه‌”.

“ئیداره‌ی یانه‌كه‌مان سه‌ری سووڕماوه‌ بۆچی سزا و لێپێچینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌ی ناوبژیوانان له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی ناوبژیوانانه‌وه‌ ناكرێت، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌ی پاداشتكردنیان به‌ راسپاردنیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یاریی دیكه‌ و چاپۆشیكردنیان له‌ هه‌ڵه‌كانیان، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی تیپه‌كان چه‌ندین خاڵ له‌ ده‌ست بدات و ماندووبوونی یانه‌كه‌مان به‌فیڕۆ بدرێت”، یانه‌ی هه‌ولێر وا ده‌ڵێن.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ “بۆ پاراستنی مافه‌كانمان، ئه‌گه‌ر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یان لیژنه‌ی ناوبژیوانان ئیجرائات به‌رامبه‌ر ناوبژیوانی یارییه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر یانه‌ی زه‌وڕا نه‌كه‌ن و مافه‌كانمان نه‌گێڕنه‌وه‌، به‌ مافی خۆمان ده‌زانین سكاڵا بۆ فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ “فیفا” به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ و هاوپێچ له‌گه‌ڵیدا سه‌رجه‌م هه‌ڵه‌كانی ناوبژیوانانیش له‌م وه‌رزه‌دا به‌رامبه‌ر یانه‌كه‌مان هاوپێچ بكه‌ین”.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ تۆڕی 964ی وت، سته‌می ناوبژیوانان له‌ یانه‌ی هه‌ولێر، به‌ رۆژی رووناك دیاره‌ و هه‌موو كه‌سێك هه‌ستی پێكردووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ یارییه‌كانمان به‌رامبه‌ر شوڕته‌ و زه‌وڕا، كه‌ سته‌می گه‌وره‌ له‌ ئێمه‌ كرا”.

ئێواره‌ی هه‌ینی رابردوو یانه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی عێراق و له‌ گه‌ڕی 29 به‌ ئه‌نجامی 1-3 گۆڵ به‌ یانه‌ی زه‌وڕا دۆڕا، له‌و یارییه‌ی كه‌ له‌ یاریگه‌ی شه‌عب كرا، ،تێیدا سه‌ره‌تا هه‌ولێر به‌ گۆڵێك پێشكه‌وت، دواتر زه‌وڕا یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ردی سیامه‌ندی یاریزان، شوان مامۆی به‌ڕێوه‌به‌ری تیپ و حوسام فەوزی یاریدەدەری راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ به‌ كارتی سوور ده‌كران و یارییه‌كه‌ گرفتی زۆری به‌هۆی بڕیاره‌كانی ناوبژیوانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی.