بە كێ دەڵێن كرێكار؟
964+
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی كرێكارانە، لە كوردستاندا وا دەردەكەوێت تەنیا ئەو كەسەی كاری قورس دەكات و جلوبەرگی دڕاو و كۆنی لەبەردابێت پێی دەوترێت كرێكار، بەڵام ئایا بە كێ دەوترێت كرێكار؟
لە هەرێمی كوردستاندا، سێ ناوەندی فەرمی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كرێكاردا هەیە، كە بریتیین لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و لیژنەی مافی مرۆڤ و و سەندیكای كرێكارانی كوردستان.
لە هەرێمی كوردستاندا، سێ ناوەندی فەرمی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كرێكاردا هەیە
لەم سێ ناوەندەدا پێناسەی جیاواز بۆ كرێكار هەیە، 964 بەدواداچونی كردووە بۆ ئەم پرسە لە هەر سێ ئۆرگانەكە پێناسەی كرێكاری وەرگرتووە.
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە 964ی وت، لە دیدی ئێمەدا كرێكار بەو كەسە دەوترێت كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكات، جا ئەگەر ئەو كەسە مامۆستا بێت یان دكتۆر یان پرۆفیسۆر، یان كرێكارێكی ئاسایی یان رۆژنامەنووس یان هەر كەسێك بێت، مادام لە كەرتی تایبەتدا كاردەكات و گرێبەستی كاری هەیە، ئەو كەسە لە سیستمی وەزارەتی كاردا پێی دەوترێت كرێكار.
كرێكار بەو كەسە دەوترێت كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكات، جا ئەگەر ئەو كەسە مامۆستا بێت یان دكتۆر یان پرۆفیسۆر
هەندێك مەرجمان هەیە بۆ ئەو كەسە، دەبێت كەسەكە لە كەرتی گشتی كار نەكات، ئەگەر دامەزراوی حكومەت بێت و لە كەرتی تایبەتدا كاربكات، ئەوە نابێتە كرێكار، هەروەها دەبێت گرێبەستی كاری هەبێت لەگەڵ كۆمپانیاكەی، ئەمە لەبەر ئەوەیە مافەكانی وەك كرێكار نەفەوتێت.
لە هەرێمی كوردستاندا هەموو ساڵێك لە یەكی ئایاردا پشووی فەرمی رادەگەیەنرێت و چەندین چالاكی جیاواز بەڕێوە دەچن.
یاسای كار لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و پەرلەمانی كوردستان بە هاوكاری سەندیكای كرێكاران لە نوێكردنەوەی یاساكەدان.
دەقی یاسای كار لە هەرێمی كوردستان
DOC-20230426-WA0001.
رۆمیۆ حوزێران نیسان، سەرۆكی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی ئەوەی كە كێ كرێكارە لە پێناسەی پەرلەمانی كوردستاندا بە 964ی وت، هەر كەسێك بە بڕێك پارەی دیاریكراو كاربكات، بە مەرجێك لە ناوەندەكانی دەوڵەتدا دانەمەزرابێت، پێی دەڵێین كرێكار، دەبێت ئەو كەسە گرێبەستی كاری هەبێت، ئەمە پێی دەوترێت كرێكاری رێكخراو، ئەوەش كە رۆژانە لەسەر جادەكان و هەروەها بە سەربەخۆ كاردەكات، پێێ دەڵێین كرێكار.
هەر كەسێك بە بڕێك پارەی دیاریكراو كاربكات كرێكارە
لە هەرێمی كوردستان سەندیكای تایبەت بە كرێكاران هەیە، هەشت لقی لەسەرجەم شارەكانی كوردستان هەیە، بەپێی ئامارەكان ساڵانە 60 بۆ 70 هەزار كەس پەیوەندی بە سەندیكای كرێكارانی كوردستانەوە دەكات.
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتی سەندیكاكانی كوردستان بە 964ی وت، هەر كەسێك لە كەرتی تایبەت و گشتی كاربكات، ئێمە پێی دەڵێین كرێكار، ئەمە لە پرۆفیسۆرێكەوە دەیگرێتەوە تا دەگات بە كرێكارێكی ئاسایی كارگەكان، یان كرێكاری سەرشەقامەكان.
نرخی كرێی كار لە هەرێمی كوردستاندا بۆ كاركردن 4 هەزار دینار پێشنیار كراوە و دەبێت كرێكار تەنیا هەشت كاتژمێر كاربكات و لە دوای ئەوە دەبێت بە ئیزافەكاری، كە دەبێت پارەكەی بۆ بكرێت بە دوو ئەوەندە.
نرخی كرێی كار لە هەرێمی كوردستاندا بۆ كاركردن 4 هەزار دینار پێشنیاركراوە
دوو جۆر كرێكار هەیە، كرێكاری رێكخراو و كرێكاری ناڕێكخراو، كرێكاری رێكخراو ئەو كەسەیە لە كۆمپانیایەك گرێبەستی كاری هەیە، بەڵام ئەو كرێكارەی كە لەسەر جادە كاردەكات و بە سەربەخۆ كاردەكات، پێی دەوترێت كرێكاری ناڕێکخراو.