لە 60ـەوە دەکرێت بە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا

گۆڕانکاری لە خێرایی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵی سەر رێگای کەلار – کفری دەکرێت

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای نزیکەی مانگێک لە کەوتنەکاری کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای کەلار بۆ کفری، لە سێ جێگا خێرایی رێگاکە گۆڕانکاری بەسەردادێت و خێراییەکەی زیاتر دەکرێت.

سامان عەلی، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیانی کفری ناڕازی بوون لەسەر ئەو خێراییەی لەچەند جێگایەکی رێگاکە دانرابوو، داواکاریان گەیاندە بەڕێوەبەرایەتیمان و ئێمەش کۆمپانیامان ئاگادارکردەوە.

“دوای ئەوەی لیژنەیەک رۆشتنە رێگاکە بڕیاریاندا لە سێ جێگا خێراییەکەی لە 60 بگۆڕن بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا”،سامان عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێران ئاگاداربن جارێ گوڕانکاریەکە جێبەجێنەکراوە، بەپێی رێنماییەکانی سەر شەقامەکە بڕۆن تا کاتێک ھێماکانی سەر شەقامەکە دەگۆڕدرێت بە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی