"ئەوەی لێرە بیكڕێت لە هەولێر نایكڕێت"

بەهاراتی موسڵ بووەتە جێی بایەخی كڕیارانی كوردستان

964+

كاروان ساڵحی – موسڵ

هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە روویان لە بازاڕەكانی شاری موسڵ كردووە بۆ كڕینی خواردن و پێداویستی و هەندێك كەلوپەلی تایبەت، بە تایبەتی بەهارات، كە موسڵ بە بەهارات بەناوبانگە و بە قسەی ئاشنا جەمال، كە هاوڵاتییەكی هەولێرە، ئەوەی بەهاراتی موسڵ بكڕێت، ئیتر لە هەولێر نایكڕێت.

بازاڕی بەهاراتفرۆشەكانی موسڵ یەكێكە لە بازاڕە كۆنەكانی شارەكە و بە قسەی كاسبكارەكانی ئەوێ، تەمەنی بازاڕەكە بۆ زیاتر لە 400 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

بازاڕەكە دەكەوێتە موسڵی كۆن لە بەری راست، كە زیاتر لە 20 دوكانی فرۆشتی كەلوپەلی خۆشكردنی خواردەمەنی و بەهارات هەیە، جیا لەوەی خەڵكی شارەكە رووی تێدەكەن، خەڵكی هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق رووی تێدەكەن و خواستی زۆریان لەسەر بەرهەمەكانی بازاڕەكە هەیە.

محەمەد ئەبوعومەر شاگردی یەكێك لە دوكانەكانی بازاڕەكەیە و 35 ساڵە لەوێ ئیش دەكات، بە 964ـی وت، لە ساڵی 1870ـەوە دوكانەكە هەیە و ئێستا نەوەی شەشەمی خاوەنەكەی خاوەندارییەتی دەكەن.

وتیشی، “ئێمە بەهارات و كاستەر، مێوژ و بادەممان هەیە، لە باكوورەوە هەنجیرمان بۆ دێت، مێوژی سوور و رەشمان هەیە، باشترین جۆریان عێراقییە، سماقیشمان هەیە.

لە بارەی ناوبانگی بەهاراتی موسڵیش دەڵێت، “بەهۆی راستگۆییەكەیەوە، سوپاس بۆ خوا ئێمە فێڵ ناكەین، ئەوەی هەبێت لە دوكانەكە دەیفرۆشین، شتێكی پلە یەك دەدەینە خەڵك و ئەوەی دەیبات، دواتر دێتەوە و دەڵێت رەحمەت لە دایك و باوكت”.

ئاشنا جەمال خانمێكی خەڵكی هەولێرە و بۆ بازاڕكردن چووتە موسڵ و لەوێ بۆ 964 قسەی كرد، “بۆ سەردانی پزیشك یان پیاسە سەردانی شاری موسڵ دەكەین، هەركاتێكیش هاتبین بە بێ بازاڕیكردن ناگەڕێینەوە “.

وتیشی، بەهاراتی موسڵ زۆر باشە، بە تایبەتی بەهاراتی بریانی، كە پێموایە ئەوەی لێرە بیكڕێت، ئیتر لە هەولێر نایكڕێت”.

جەمال سەعید هاوڵاتییەكی دیكەی هەولێرە و لە ناو بازاڕی بەهاراتی موسڵ بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، بەهارات و گۆشت لە موسڵ، لە هەولێر هەرزانتر و باشترە، بۆیە جارجار كە دێینە شارەكە، دەیكڕین و دەیبەینەوە هەولێر”.

بازاڕی عەتارەكان دەكەوێتە ناو بازاڕی سەڕای، یەكێكە لە بازاڕە كۆنەكانی شارەكە و پێی دەوترێت “دڵی موسڵ”.

سەلوان سەعدی یەكێكی دیكەی دوكاندارەكانە و سەبارەت بە كڕیارانی هەرێمی كوردستان و داواكارییەكانیان ئاشكرای دەكات، “تێكەڵەی بەهاراتی تایبەتمان هەیە، بۆ نموونە بۆ برا كوردەكانمان تێكەڵەی تایبەتیان بۆ ئامادە دەكەین، بۆ كریستیانەكان جۆرێكی تایبەتیان بۆ ئامادە دەكەین، هەروەها خەڵكی گوند و دەوروبەر بە هەمان شێوە تێكەڵی تایبەتیان هەیە، جگە لەوە بەهارات و تێكەڵی تایبەتمان هەیە، كە ئێمە لێی شارەزاین و لە پارێزگاكانی دیكە جیاوازین”.

دەشڵێت، “خەڵكی كوردستان لە هەولێر و سلێمانی زیاتر بۆ بەهاراتی بریانی دێن، بریانی زەرد و قاوەیی، هەروەها داوای بەهاراتی كوبەش دەكەن”.

سەلوان سەعدی پێی وایە هاوردەكردنی بەهارات لە وڵاتانی دەرەوە ئاساییە، ئەو دەڵێت، “لە دەرەوەش بۆمان دێت، لە ئەمریكای باشوور، لە بەڕازیل، چەندین جۆر بەهاراتمان لە مەكسیكەوە بۆ دێت، بە تایبەتی كەبابە و بیبەر، هەروەها لە هیندەوە بیبەر و بەهاراتی جۆراوجۆرمان بۆ دێت، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاشەوە، هەروەها لەگەڵ هەندێك تۆوی بەهارات كە لە ناوخۆ بەرهەم دێت، وەك زەنجەفیل و زیرە و رەشكە و ئەوانی دیكە”.

ساڵانی زووش بازاڕی موسڵ بە بەرهەمی باش و هەرزان ناسراو بوو، جگە لە بەهارات و گۆشت، بە تورشیات و تەحین و دۆشاو، بە بەتامی خواردنی چێشتخانەكانیشی ناسراوە.

موسڵ یەكێكە لە شارە گەورەكانی عێراق و دەكەوێتە باكوور، شارەكە دوو بەری راست و چەپی هەیە و رووباری دیجلە شارەكەی كردووە بە دوو بەش.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

باب جەدید؛ بازاڕێک 60 ساڵە هەینییان لە موسڵ جمەی دێت

باب جەدید؛ بازاڕێک 60 ساڵە هەینییان لە موسڵ جمەی دێت