ئەحمەد بەشیر، میدیاکارى بەناوبانگى عێراق
میدیاکارى دیارى عێراق
لە “بەشیر شۆ”وە بۆ کۆشکی سەلام؛ ئەحمەد بەشیر کاندیدبوونی بۆ سەرۆک کۆمار راگەیاند
964+
وریا فەتاح
ئەحمەد بەشیر، میدیاکار و پێشکەشکاری بەرنامەی ناسراوی “بەشیر شۆ”، بەفەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند و بەڵێنی پاراستنی دەستوور و یەکپارچەیی وڵات دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد بەشیر لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە سۆشاڵ میدیای “X” بڵاویکردەوە، کە “لەبەر رۆشنایی ئەو تەحەدییە سیاسی و ئابوورییانەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، وەک ئەرکێکی نیشتمانی، کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەپێی رێکارە یاساییەکان رادەگەیەنێت.”
بەشیر دەڵێت: “ئەگەر متمانەی هێزە سیاسییەکان بەدەستبهێنم، هەموو هەوڵێکم بۆ پاراستنی یەکڕیزی عێراق، سیستەمی دیموکراسی، دەستوور و پاراستنی مافە نیشتمانییەکانی گەل تەرخان دەکەم.”
ئەم هەنگاوەی ئەحمەد بەشیر لەکاتێکدایە، کە پێشتر لە وەرزەکانی (2020-2021)ی بەرنامەکەیدا، وەرزێکی تەواوی لەژێر ناوی “کۆماری بەشیر” پێشکەش کرد، کە تێیدا لە رۆڵی سەرۆک کۆماردا بە شێوازێکی تەنزئامێز رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەگرت.
دوێنێ سێشەممە، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ماوەی سێ رۆژ کرایەوە، و ئەمڕۆش مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە دیاریکران.
ئەحمەد بەشیر یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییە میدیاییەکانی عێراق و بەرنامە تەنزئامێزەکەی ملیۆنان بینەری هەیە، ئێستا دەیەوێت لە رەخنەگرتنەوە بچێتە ناو کێبڕکێی بەدەستهێنانی بەرزترین پۆستی سیادی لە وڵاتدا.
بەربەستى سەرەکى لەبەردەم بەشیر، عورفى سیاسییە لە عێراق، چونکە بەپێى ئەو عورفە، پۆستى سەرۆک کۆمار پشکى کوردە و لە دواى 2005ـەوە، کوردەکان ئەو پۆستەیان بەڕێوە بردووە.