لێهاتووییەکەى خاوەنى کارگەکەى ناچار کردووە فێرى زمانى ئاماژە بێت
نابیستێک 33 ساڵە ژمێریار و سەرپەرشتیاری کارگەیەکە
964+
رێباز خدر – هەولێر
یوسف سەلمانی تەمەن 50 کە ساڵ دانیشتووی شاری هەولێرە و پیاوێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، توانای بیستن و قسەکردنی نییە، بەڵام ماوەی 33 لە کارگەیەکی دروستکردنی خوێ کار دەکات، لێهاتووییەکەشى واى کردووە، خاوەنى کارگەکە فێرى زمانى ئاماژە ببێت تا یوسف لەلایان بمێنێتەوە و کاریان لەگەڵ بکات.
سەرەتا وەکو کرێکار دەستی پێکردووە دواتر بەهۆی زیرەکی و لێهاتووی بووە بە ژمێریاری کارگەکە و لە ئێستا دا سەرپەرشتیاری کارگەکە دەکات.
مەهدی محەمەد، خاوەنی کارگەکەیە باس لەوە دەکات و دەڵێت:” زۆر متمانەمان بە توانا و زیرەکی یوسف هەیە، کاتێک ئەو لە کارگەکەیە هەست بە ئارامی دەکەین، وەک ئەوە وایە کە خۆم لەوێ بم”.
دەشڵێت، ئەو رووخۆشیی و پەیوەندییە بەهێزەی ئەو وای کردووە کە سەرنجی کڕیاران زیاتر بێت لەسەر کڕینی خوێی کارگەکە و خواستی زۆر لەسەر بێت.
“من و برایەکی ترم بەیەکەوە هەوڵمان دا تاوەکو فێری زمانی ئەو ببین و بۆ ئەوەی بە تەواوی لەیەکتر بگەین و کەسێکی ئاوا زیرەک و بەتوانا لەدەست نەدەین”،مەهدى واى وت.
یوسف سەلمان، خێزاندارە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچە، ئەوانیش وەکو خۆی نابیستن و توانای قسە کردنیان نییە، وەکو خۆی دەڵێت،”زۆر ئاسودەم لەگەڵ خێزان و مناڵەکانم، ئەوان تاکو ئێوارە چاوەڕێی منن بگەڕێمەوە لە کار و دواتر بەیەکەوە زۆربەی کات دەچینە دەرەوە و کاتێکی خۆشیان لەگەڵ بەسەردەبم و هەرگیز دڵیان ناشکێنم”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا