زیاتر لە 700 کەس کار دەکەن

چێشتخانەکانی دوز تابێ زیاتر دەبن و منافەسەیە

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

تەنیا لەبەر ئەوەی، کەسابەتەکەی کۆپی کراوە، خاوەن کارەکە وشەی ئەسڵی یاوە لە پێشی رێستۆرانتەکەی، ئەوە حاڵی بەشێک لە چێشتخانەکانی سەر رێگەی دووزە یان دوزخورماتوو، کە دەیان چێشتخانە و رێستۆرانت لەم رێگەیە، بوون بە ناوچەیەکی گرنگی حەسانەوە و جوڵەیەکی گەورەی بازرگانی.

زۆری چێشتخانەکان و بوونی رێبوار و گەشتیارێکی زۆر لە کورد و عەرەب و بیانی، هۆکار بووە بۆ ئەوەی رۆژانە چێشتخانەی نوێ بکرێنەوە و دەستگیرۆیی گەنجانێکی زۆری بێکاریش بکەن.

لەو چێشتخانانە زیاتر لە 700 کەس بژێوی ژیانیان دابین دەکەن و لەنێویشیاندا سەدان گەنجی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانی تێدایە کە ساڵانێکە خوێندنیان تەواوکردووە و دانەمەزراون، بەڵام رۆژانە بە کرێی 15 بۆ 20 هەزار دینار کار دەکەن.

ئاراس کازم، خوێندکارێکی دەرچوی دانەمەزراوە، ئەو دەڵێت، زیاتر لەشەش ساڵە خوێندنی تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی بێ ئومێدبوونیان لەدامەزراندن ئەم کارە دەکەن، سەرەڕای ئەوەش باری گوزەرانیان باش نیە و لە نێو خانوی کرێدا دەژین و ھیچ مووچەیەکیان نیە.

ئومێد شکور، خاوەنی یەکێک لەو چێشتخانانە باس لەوە دەکات کە رۆژانە گەشتیارێکی زۆر رویان لێ دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا هەلێکی کاری زۆریان بۆ گەنجان رەخساندووە، بە تایبەت لەکاتی پشوی هاوینەدا هەلی کاری زیاتر بۆ خوێندکاران دەرەخسێنن.

هاوژین عەبوڵا، یەکێک لەو گەشتیارانەی کە لە لەدهۆکەوە بەرەو دیالە دەڕوات و دەڵێت، جگە لە دوزخورماتوو لەھیچ شوێنێکی تر پشوونادەم و نان بخۆم، چونکە لێرە مامەڵە و ھەڵسوکەوتی چێشتخانەکان زۆر تایبەتە لەگەڵمان و خواردنەکانیشیان خۆش و بەتامە و نرخەکانیشیان گونجاوە و ھاوشێوەی شوێنی گەشتیاری مامەڵە ناکەن.

بەھۆی ئەوەی گەشتیارێکی زۆر روو لەچێشتخانەکانی دوزخورماتوو دەکەن لەئێستادا کێبرکێ و منافسە لەنێوان ھەندێ چێشتخانە دروستبووە و گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کەھەندێکیان ناوەکانیان بەیەک دەچوێنن و پێداگیری لەوە دەکەن کە گوایە ئەمەی ئەمان لەوەی ئەوان رەسەنترە.

لەسنووری دوزخورماتوو، 15 چێشتخانەی گەورە کە هەریەکێکیان 50 بۆ 60 کرێکار و وەستا کاری تێدا دەکەن، ئەوەش جگە لە زیاتر لە 25 چێشتخانەی بچووکی دیکە لە دەرەوەو ناوەندی قەزاکە هەن، کە هەر یەکێکیان 15 بۆ 20 کرێکار کاری لێ دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

گۆڕێکی بە کۆمەڵی هەڵەبجە لەناو دڵی باخێکی هەوراماندای...

گۆڕێکی بە کۆمەڵی هەڵەبجە لەناو دڵی باخێکی هەوراماندایە