چەند ئەندامێكی هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق
دژەتیرۆری عێراق و ئاسایشی كوردستان
“چەند تیرۆریستێک لە كەركوك و سلێمانی دەستگیر كران”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، بە هاوكاری دەزگای ئاسایشی كوردستان 11 تیرۆریستیان دەستگیر كردووە، كە چواریان لە كەركوك و یەكیان لە سلێمانی بوون.
دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 12.8.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، هەڵمەتێكی گەورەی گەڕان و پشكنینیان لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجام دا و لە ئەنجامدا توانیویانە 11 ئەندامی رێكخراوی داعش دەستگیر بكەن.
سەرچاوەكە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەكان بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (سلێمانی) بووە، كە بەهۆیەوە لە “لە پارێزگای نەینەوا پێنج تیرۆریست، لە ناوچە جیاجیاكانی كەركوك چوار، لە سلێمانی یەك، ئەوانی دیكەش لە تكریت و شوێنی دیكە دەستگیر كران”.
دژەتیرۆری عێراق ئاشكرای دەكات، چالاكییەكان بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشی كوردستان بووە.
هەروەها ئەوەشیان باس كردووە، كە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەیان مۆڵگە و شوێنی مانەوە و ئەشكەوت و تونێلی چەكدارانی داعشیان تەقاندووەتەوە لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراقدا.
“ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانانە بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەنجامدراون، کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە تەواوکردنی هەوڵەکانی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، دوابەدوای ئەوە بە وردی چاودێریی هەواڵگری کرا، کە هێزەکانمان توانی هێرشی پێشوەختە ئەنجام بدەن بۆ نەهێشتنی ئەو باندە تیرۆریستییانەی کە ماونەتەوە و ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیانیان کردووەتە ئامانج”، دژەتیرۆری عێراق وادەڵێت.