رۆژنامەی عیبری پێگیراوە

کەسێک لەسەر پیاهەڵدان بە ئیسرائیلدا لە بەغدا خرایە زیندان

ژووری هەواڵ

بەتۆمەتى بانگەشەکردن بۆ ئیسرائیل لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دادگاى تاوانەکانى کەرخ سزای زیندانی هەتاهەتایی سەپاند بەسەر کەسێکدا.

ئەنجوومەنى دادوەرى عێراق رایگەیاند، سزادراوەکە لە رێگەی بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک هەستاوە بە بانگەشە و پیاهەڵدانى ئاکار و رەفتارەکانى ئیسرائیل.

لە راگەیەندراوی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە، لە ماڵى سزادراوەکەدا دەستبەسەر ژمارەیەک پەرتووک و رۆژنامەیەکى عیبریدا.

تۆمەتبارەکە بەگوێرەی یاساى ژمارە یەکى ساڵى 2022 لە یاساى بەتاوان ناساندنى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، سزادراوە.

بەگوێرەی ئەو یاسایە، هەرکەسێک پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروستبکات یاخود بانگەشە بۆ ئایدۆلێجیا و رەفتارى ئەو وڵاتە بکات بەشێوەیەکى ئاشکرابێت یان نهێنى، سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێنرێت.