دەکرێت بە دووساید

رێگای مەرگ لە خانەقین چارەسەر دەکرێت

ڕاژان باجەڵان – خانەقین

پاش دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی و گیان لەدەستدانی دەیان کەس لەسەر رێگای خانەقین – کەلار وەک هەنگاوی یەکەم دەستکرا بە دووسایدکردنی بەشێک لە رێگاکە.

جەواد فەیزوڵا قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، رێگای خانەقین کەلار لە فلکەی حەی شورتە هەتاوەکو کۆتایی گەڕەکی ئاوبارە کە درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە دووساید دەکرێت لەگەڵ دانانی سیستەمی رووناکی و سەوزکردنی ناوەڕاست و دەورووبەری رێگا و بانەکە و هەوڵی تریش هەیە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی دووسایدکردنی باقی رێگاکە.

پڕۆژەکە دەبێت لە ماوەی 200 رۆژ تەواو بکرێت کە تێچووەکەی 2 ملیار و 400 ملیۆنە بە نزیکەیی و درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە و پانیەکەی 30 مەترە، لە ئێستادا کارکردن تیایدا دەستی پێکردووە و ئاوا بڕوات لە چەند مانگی داهاتودا تەواو دەبێت.

لە کەلارەوە بەڕێ بکەویت بۆ خانەقین زۆرت پێبچێت هەر نیو کاتژمێرە، رێگاکە یەکسایدە ئەگەر بێتوو بکرێت بە دووساید ئەوە هەم ئەو هەموو رووداوە هەمیش کارئاسانی و کرتبوونەوەی رێگاکە بەدەست دێت.

پێداچوونەوە: تونا نەقی