لە جووتسایدەکەی کۆیە

هێلانەی دایکانە باڵندەکە لە جێگەی خۆی نەماوە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

گومان دەکرێ، هێلانەی ئەو دایکانە باڵندەی لە چەقی پڕۆژەی جووتسایدی نێوان کۆیە بۆ هەولێر، لەسەر تەپۆلکەیەک دروستی کردبوو، شەوی رابردوو بەهۆی رەشەبای بەهێزەوە لەسەر تەپۆلکەکە نەمابێ.

پەیامنێری 964 ئەم بەیانییە بۆ نیشاندانی دیمەنی سەرنجڕاکێش و بڕیاری مانەوەی ئەو تەپۆلکەیە بە کاتی، کە کەوتووەتە چەقی پڕۆژەی جووتسایدی نێوان کۆیە بۆ هەولێر چووە ناوچەکە، کە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە بڕیاری مانەوەی تەپۆلکەکەیان دابوو لە نزیک گوندی وسووی دەشتی کۆیە.

ئەمڕۆ هەینی 2.5.2025، بەپێی ئەوەی پشووی سەرپەرشتیار و کارمەندانی پڕۆژەکە بوو، جگە لە کەرەستە و ئالیەتەکانیان هیچ کەسی دیکەی لەوێ نەبینرا، بەڵام سۆراغی هێلانەی باڵندەکەمان کرد، دەرکەوت نە هێلانەکە لە جێگەی خۆی ماوە و نە ئاسەواری ئەو چوار هێلکەی کە دایکانە باڵندەکە بە دیارییانەوە مابوویەوە.

پەیامنێری 964، لەگەڵ خەڵکی گوندەکە قسەی کردووە، ئەوان گومان دەکەن بەهۆی ئەوەی شەوی رابردوو “پێنجشەممە لەسەر هەینی”، رەشەبایەکی بەهێز ناوچەکەی گرتووەتەوە هۆکار بووبێت بۆ نەمانی ئەو هێلانەیە لەسەر تەپۆلکەکە، بەڵام گومانێکی دیکەش هەیە بە گواستنەوەی هێلانەکە بۆ جێگەیەکی دیکە.

چەند رۆژێکە، دیمەنی ئەو تەپۆلکەیە باس و خواسی خەڵک و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیایە، خەڵک بە گشتی بڕیاری لانەبردنی ئەو تەپۆلکەیە تا دایکانە باڵندەکە هێلکەکانی دەتروکێنێ بە دڵخۆشی و بڕیارێکی ئینسانی لێکدەدەنەوە، کە لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێ بە پووش و پاوانی دەشت، هێلانەیەکی بچووکی دروست کردووە و چوار هێلکەی تێدا داناوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

زیاتر لە 100 ئامێر رۆژانە كار لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر -...

زیاتر لە 100 ئامێر رۆژانە كار لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە دەكەن