• پرۆگرام
  • پەخش
  • راپۆرت
  • فیلم
  • هەواڵ
  • بازاڕ
  • ترێند
  • تەکنەلۆژیا
  • ژینگە
  • ناوخۆیی
  • هەواڵ
  • وەرزش
+964 - logo
+964 - logo
+964 - logo

لە بلاڤە تورکیا بۆردومان دەکات

پاشماوەی بۆردومان لە سەربان و حەوشەی ماڵەکانە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

هەفتەیەکە بەبەردەوامی دەوروبەری گوندی بلاڤە بوردۆمان دەکرێت، خەڵکی گوندەکەش دەڵێن، بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەترسن شەوانە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە، چونکە پاشماوەی بۆردومانەکە دەکەوێتە سەربان و حەوشەی ماڵەکانیان.

ئەمشەو لەنزیک کاتژمێر 12:00  و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەبەردەوامی فڕۆکە دەوروبەری گوندی بلاڤە و گوهەرزێ لە ئامێدی بۆردومان دەکات.

فایەق بلاڤەی، گرتەڤیدیۆییەکی بۆ 964 ناردووە، کە دەنگی فڕۆکە و بۆردومان دەبیسترێت و دەڵێت، ماوەی هەفتەیەکە سوپای تورکیا شەوانە بە فڕۆکە گوندی بلاڤە بۆردومان دەکات، ئەمشەویش بەچڕی دەوروبەری گوندەکەی بۆردومان کردووە.

هەر ئەمشە، زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل گەیشتوونە ناحیەی دێرەلووک، و دوای بۆ گوندی رەشاڤە لە گەلیێ روشتن لەوێ دەمێننەوە، ئەوەش بە گوێرەی شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ 964 کردووە.

هاوکات، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری قەزای ئامێدی پشتڕاستی کردەوە و وتی، ماوەی هەفتەیەکە ئەو گوندانە لە سنووری ناحیەی دێرەلووک بۆردومان دەکرێ و تەقی تەقە بە بەردەوامی دەبیسترێ.

سەرچاوەکە وتی، بە شەوان سوپای تورکیا بە فڕۆکە بۆردومانی دەوروبەری گوندەکانی بلاڤە و گوهەرزێ دەکات. بەڵام زیانی گیانی نەبووە، گوندی بلاڤە نزیکەی 40 ماڵ تێیدا دەژین، دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە سنوری قەزای ئامێدی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە گوهەرزێ شەڕەتەقە لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی...

لە گوهەرزێ شەڕەتەقە لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پە*کە*کە روویدا

پزیشکانی کوردستان لەسەر گیان لەدەستدانی پزیشکەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

دکتۆر قەحتان جیهادی _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە

"ئەمبوڵانسەکان مەرجیان تێدا نییە"

پزیشکانی کوردستان لەسەر گیان لەدەستدانی پزیشکەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

کۆمەڵەی پزیشکانی کوردستان دەڵێ، دڵنیاتان دەکەینەوە کە زۆربەی هەرەزۆری ئەو ئۆتوۆمبێلانەی کە بۆ ئەمبوڵانس تەرخان کراون، هیچ مەرجێکی بە ئەمبوڵانس بوونیان تێدا نییە.

باسیان لەوەشکردووە، ئەمە راستییەکەیە کە بەداخەوە ئەمبوڵانس لەم وڵاتە بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکان هیچ مەرجێکی (پزیشکیی، فریاکەتنی خێرا، سەلامەتیی سەرنشینان)ی تێدا بەدی ناکرێت و تەنیا بووە بە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی نەخۆش.

ئەو بەیاننامەیە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 23.3.2025 بڵاوکراوەتەوە داوایان کردووە، بە زووتریین کات لیژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و روون کردنەوەی هۆکاری گیان لە دەستدانی دکتۆر قەحتان و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی کۆتایی بۆ رای گشتی و سزادانی هەموو ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لەو کارەساتە.

بەرەبەیانی رۆژی 21.3.2025، دکتۆر قەحتان جیهادی پزیشک، لە کاتی گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس لە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بۆ نەخۆشخانەی بلێ، لە ئەنجامی رووداوی هاتوچۆ گیانی سپارد.

دەقی بەیاننامەی پزیشکانی کوردستان لەسەر گیان لە دەستدانی هاوپیشەی جوانەمەرگ شەهید د.قەحتان
بەناوی خودا
بەڕێزان:
پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکایەتیی هەرێم
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم
وەزارەتی تەندروستی
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بە داخەوە وەک لای هەمووتان ئاشکرایە کە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠٢٥/٣/٢١ لە کارەساتێکی نەخوازراو و جەرگبڕدا، هاوپیشەی جوانەمەرگمان پزیشکی نیشتەجێ د.قەحتان جیهاد، لە کاتی گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس لە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بۆ نەخۆشخانەی بلێ، دوای ڕووداوێکی دڵتەزێن لە ئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی سپارد و کۆمەڵی پزیشکان بەتایبەتیی و هەموو کوردستان بە گشتیی مرۆڤ و پزیشکێکی گەنجی لێهاتوو و دڵسۆز و خۆنەویست و خۆشەویستی هاوپیشە و خەڵکی، لە دەستدا کە نموونەی بەرزی قوربانیدانی پزیشکێک بوو بۆ ئەرکی پاراستنی ژیانی مرۆڤێک بەرامبەر ژیانی خۆی.
بەڵام جێگەی نیگەرانیی و داخی زۆری ئێمەی پزیشکانە کە نە لایەنی پەیوەندیدار بەپێی پێویست، نە ڕاگەیاندنەکان و میدیاکاران بە ئەرکی خۆیان نەزانی کە بەدواداچوونێکی پوخت لەسەر هۆکاری گیان لە دەستدانی سامانێکی گرنگی نیشتیمانیی کە پزیشکێکی گەنجە، بکەن و بگرە بێ دەنگیش بوون بەرامبەر ئەو کارەساتە کە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو تاکێکمان هەیە.
گیان لە دەستدانی جوانەمەرگ قەدەرێکی خواییە و قسە لەسەر ئەوە نییە، بەڵام بە هۆکاری کەمتەرخەمی بێت، ئا ئەوەیان کارەساتە، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو کەمتەرخەمییە دەمێکە هەیە و چەندین جار باس کراوە، بە جۆرێک دڵنیاتان دەکەینەوە کە زۆربەی هەرەزۆری ئەو ئوتومبێلانەی کە بۆ ئەمبوڵانس تەرخان کراون، هیچ مەرجێکی بە ئەمبوڵانس بوونیان تێدا نییە! ئەمە ڕاستییەکەیە کە بەداخەوە ئەمبوڵانس لەم ووڵاتە بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکان هیچ مەرجێکی (پزیشکیی، فریاکەتنی خێرا، سەلامەتیی سەرنشینان)ی تێدا بەدی ناکرێت و تەنها بووە بە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی نەخۆش.
زۆربەی شۆفێرانی بەڕێزیش بێ ئەوەی هیچ ڕاهێنانێکی ئەوتۆیان کردبێت، تەنها وەک شوفێرێکی ئاسایی مامەڵە لەکەڵ ئەمبوڵانس دەکەن.
بەڕێزان..
پزیشکێکی گەنجی تازە دامەزراو کە کۆڵەگەی سەرەکیی سیستەمی نەخۆشخانە و پڕاکتیزەی پیشەی پزیشکییە، بەداخەوە لای ئێمە بێ نازترین و ماندووترین و مەغدورترین چینی کۆمەڵگەن لە هەموو لایەنێکەوە، لای هەموو لایەک ئاشکرا و ڕوونە کە گوزەرانی پزیشکی گەنج سەرباری ئەو هەموو ئەرک و ماندووبوونەی، کەمترین ماف و پاداشتیشی پێ ڕەوا نابینرێت کە مووچەیەکی شایستەیە! لەپاڵ ئەوەشدا لە هەم و ئان و ساتێکدا ژیانی لەژێر پاڵەپەستۆی نەبوونی سیستەمێکی تۆکمە و کەمتەرخەمی لایەنی بەرپرس و هێرشی ناهەقی خەڵکی نابەرپرس، لە مەترسیی دایە.
بەڕێزان…
ئێمە وەک چینی پزیشکان کە بەداخەوە زۆر بە ڕوونی هەست بە لێشاوێک لە هێرشی ناڕەوا و ناهەق و بە بەرنامە دەکەین کە تەنها مەبەست لێی درووست کردنی ناتەبایی نێو چینەکانی کۆمەڵگە و دوورخستنەوەیان و کەم کردنەوەی متمانەی هاونیشتمانیانە بەرامبەر سامانێکی گرنگ و هەستیاری ووڵات کە پزیشک و سیستەمی تەندرووستییە، بە جۆرێک هیچ کەسێک بەقەد پزیشک لەم هەرێمە قوربانیی نەبوونی سیستەمێکی پتە و شیاوی تەندروستی نییە.
بەڕێزان..
لە سۆنگەی ئەو کارەساتە جەرگبڕە، ئێمەی کەس و کاری خۆتان لە پزیشکان داواکارین لە بەڕێزان بە تایبەت بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز وەزیری تەندروستی کە:
یەکەم/
بە زووتریین کات لێژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕوون کردنەوەی هۆکاری گیان لە دەستدانی د.قەحتانی جوانەمەرگ و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ ڕای گشتی و سزادانی هەموو ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لەو کارەساتە. لەگەڵ ئەمەشدا قەرەبووی ماددیی و مەعنەویی خێزانی خوالێخۆشبوو بکرێتەوە.
دووەم/
داواکارین وەک وەفایەک و هاوسۆزیی و ئەرکێک، یەکەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بە ناوی هاوپیشەی شەهید بکرێت و وەک کەمتریین پاداشت بۆ خێزانەکەی مووچەی تەواوی مانگانەی خوا لێخۆشبوو بۆ خێزانەکەی بەردەوام خەرج بکرێت.
سێیەم/
تا زووە و کارەساتی زیاتر ڕووی نەداوە و بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندان و تەنانەت نەخۆش، چاوخشاندنەوە بکرێت بە سیستەمی فریاکەوتنی خێرا هەر لە ئوتومبێل و شۆفێر و کارمەندی ئەمبولانس، بەجۆرێک هیچ شۆفێرێک یان کارمەندی فریاکەوتنی خێرا بێ بڕوانامەی باوەڕپێکراو و بڕوانامەی خولاوی وەرزیانەی فریاکەوتنی خێرا نابێت لە سیستەمی ئەمبولانس بوونی هەبێت، لە پاڵ ئەوەدا گۆڕینی تەواوی ئەمبوڵانس و دابین کردنی بە شێوازێکی ستانداردی جیهانیی بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی هەرێم بێ جیاوازیی.
چوارەم/
دەبێت تا زووە بە یاسا و لە پەرلەمان و بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەندیکای پزیشکان، یاسای پاراستن یان پارێزبەندیی بۆ پزیشکان دابنرێت و بە یاسا و ڕێنمایی ئەرک و مافی پزیشکی گەنج دیاریی بکرێت.
پێنجەم/
ڕێگریی بکرێت لەهەر کەناڵ و میدیایەک بەتایبەت سۆشیال مێدیا سەر بەهەر لایەنێک بێت کە بە مەبەست کار لەسەر ناوزڕاندن و کەمکردنەوە لە پێگەی پزیشک و نەهێشتنی متمانەی هاونیشتمانیان بە پزیشکان و کۆی خزمەتی تەندروستی دەکەن. سزای تووندیی یاسایی ئەو ڕاگەیەندکارانە بدرێت کە تەنها بۆ لایک و کۆمێنتی پەڕە و گروپەکانیان بە شێوازێکی زۆر ناڕەواو نەگونجاو و دوور لە هەموو بەهایەک هێرشی دەکەنە سەر چینی پزیشکان.
شەشەم/
ناکرێت بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئیتر پێویستە بە زووتریین کات بابەتی دامەزراندنی پزیشکانی گەنج جێبەجێ بکرێت و سیستەمی خولاوی پزیشکان با تووشی هەرەس نەبێت لەوە زیاتر، تکا دەکەین بە زووترین کات بە فەرمانێکی تایبەت کار لەسەر دامەزراندنی خێرای پزیشکانی گەنج بکرێت، لەپاڵ ئەوەدا مووچەی مانگانەی پزیشکانی گەنج (کە تاکە سەرچاوەی گوزەرانیانە) جیا بکرێتەوە و لە ئان و ساتی خۆی خەرج بکرێت.
حەوتەم/
بەڕێزان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، خزمەتگوزاری لە کەرتی گشتیی لە بەشێکی بەرچاوی نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئاست پێویستی هاونیشتمانیان نییە و لە هەندێکیان لە ئاستێکی زۆر خراپ دایە! کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی و پێداویستیی نەشتەرگەری، کەمی پشکنینی تاقیگەیی، کێشەی بەردەوام و کەمیی هۆبەی تیشک، کەمی پسپۆڕ و کۆنی بینا و هۆبە پزیشکییەکانی ونەخۆشخانەکان و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان بە تایبەت لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان، کێشەی هەرە سەرەکیی کۆی سیستەمی تەندرووستی کوردستانن، ئەرکی هەموومانە ئیتر کۆتایی بەو سیستەمە بهێنین کە ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت، بەرەو داڕمانی تەواوی سێکتەری گشتیی دەچێت.
داواکارین لە بەڕێزتان کە تا زووە وەڵامی خێرای داواکارییەکانمان بدەنەوە.
گیانی دکتۆر قەحتان شاد بێت و کۆتا جێگەی بەهەشتیی نەبڕاوە بێت.
بەشێک لە پزیشکانی کوردستان – ٢٠٢٥/٣/٢٣