دیمهنێكی مەلا مستەفا بارزانى و سەددام حسێن لە ئاداری 1970، پێش ڕاگەیاندنی رێککەوتننامەكه... وێنه: وێكیپیدیا.
وردهكارییهكانى چی بوو؟
ئهمڕۆ 55 ساڵ بهسهر رێكهوتننامهى 11ـى ئادار دا تێدهپهڕێت
964+
فهرهاد حهسهن
ئێوارهى رۆژى 11.3.1970 رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق دهقى بهیاننامهیهكی خوێندهوه كه لهنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حكومەتی عێراق بڵاوكرایهوه و ههریهك له مستەفا بارزانى و ئەحمەد حەسەن بەکرى سەرۆک کۆمارى ئهوكاتى عێراق واژۆکراو سەدام حسێنیش رۆڵی سەرەکی تێدا بینی.
رێككهوتننامهكه كه له 22 بڕگە پێكهاتبوو دواى چوار ساڵ شهڕى بهردهوام لهنێوان ههردوولادا واژۆكراو بههۆیهوه مافهكانى گهلى كوردستان لە چوارچێوەی عێراق لهرێگهى ئهم بڕگانهوه دیاریكران.
دانپێنان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، خاڵێكی گرنگی رێككهوتننامهكه بوو، جگه لهمهش حکومەتی عێراق بەڵێنیدا کە کورد بەشداری لە جومگە سەرەکییەکانی حکومەتی بەغدا بکات و زمانی کوردیش لە ناوەندەکانی خوێندندا بەشداریى پێبكرێت و زمانى سەرەکی ئەو شوێنانەش كوردی بێت کە زۆرینەى کوردن بە تەواوی هەموو پرۆگرامەكانیان بە کوردی بخوێنرێت.
بهپێی رێككهوتننامهكه، ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی عێراق لە 11.3.1970 بە بڕیاری ژمارە 288، لە چوارچێوەی عێراق دانی بەمافی گەلی كورد دا نا کە ئەم خاڵانەى لە خۆگرتبوو:
1ـ زمانی كوردی لەگەڵ زمانی عەرەبی زمانی رەسمی دەبێت لەو ناوچانەی كە زۆربەی زۆری دانیشتوانیان كوردن و زمانی كوردیش لەو ناوچانەدا زمانی خوێندن و فێركردن دەبێت، زمانی عەرەبیش لە هەموو ئەو قوتابخانانەدا دەخوێنرێت كە بە كوردی دەخوێنن، لەهەمان كاتیشدا زمانی كوردی وەك زمانی دووەم لەو سنوورەی یاسا دایدەنێت لە هەموو لایەكی عێراقدا دەخوێندرێت.
2ـ بەشداریكردنی برا كوردەكانمان لە فەرمانڕەواییدا و جیاوازی نەكردن لەنێوان كورد و كەسانی تر لە وەرگرتنى پۆست و فەرمانی گشتیدا، لەنێویاندا پایەی گرنگ و بایەخدار لە دەوڵەتدا، وەك وەزارەت و سوپا و هی تریش.
3ـ لەبەر ئەو دواكەوتووییەی كە لە رابردوودا لە هەردوو لایەنی رۆشنبیریی و پەروەردەیی بەسەر نەتەوەی كورددا هاتووە، پلانێك بۆ چارەسەركردنی ئەم دواكەوتووییە دادەنرێت، لە رێگەی:
أ ـ پەلەكردن لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە رووی زمان و مافی ڕۆشنبیرییەوە بۆ گەلی كورد و بەستنەوەی ئامادەكردن و ئاڕاستەكردنی بەرنامەی تایبەت بە كاروباری نەتەوەیی كورد لە رادیۆ و تەلەفزیۆن بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندنی كوردی.
ب ـ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانەی دەركراون بۆ قوتابخانەكانیان یان لەبەر بارودۆخی توندوتیژی لە ناوچەكە ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن، بەچاوپۆشی كردن لە تەمەنیان یان دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی لەبار بۆ گیروگرفتەكانیان.
جـ ـ كردنەوەی قوتابخانەی زۆر لە ناوچە كوردییەكاندا و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و قبووڵكردنی قوتابی كورد لە زانكۆ و كۆلێجی سەربازی و (بەعسە و زەمالە)ی خوێندن بە رێژەیەكی عادیلانە.
4ـ فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن، یان لەو كەسانە بن كە كوردی باش دەزانن، ئەگەر ژمارەی پێویستیان لێ پەیدابوو، بەرپرسە سەرەکییەکانى ئەو ناوچانە لە نمونەى (پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری ئاسایش (ئەمن) و هی تری لەم جۆرە، دادەمەزرێن و دەستبەجێ دەستدەكرێت بە پەرەپێدانی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچەكەدا بە راوێژكردن لە چوارچێوەی لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی ئەم بەیاننامەیە، بەوشێوەیەی كە جێبەجێكردنی مسۆگەر دەكات و یەكێتیی نیشتمانی و ئارامی لە ناوچەكەدا بەتین دەكات.
5ـ حكومەت دان بە مافی گەلی كورددا دەنێت لە پێكهێنانی رێكخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و مامۆستایانی تایبەت بە خۆیان و ئەو رێكخراوانە ئەندامی رێكخراوە نیشتیمانییە عێراقییەكانی هاوشێوەی خۆیان دەبن.
6ـ بڕگەی (أ): كاركردن بە هەردوو بڕگەی (1) و (2)ی بڕیاری ژمارە 59ی مێژووی 5.8.1968 ـی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش تاوهكو مێژووی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە، ئەمەش هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە كاری توندوتیژیی ناوچەی كوردیدا كردووە، دەگرێتەوە.
بڕگەی(ب): كرێكار و فەرمانبەر و خزمەتگوزارە مەدەنی و سەربازییەكان دەگەڕێنەوە بۆ خزمەت، ئەمەش بەبێ خۆبەستنەوە بە بوونی (میلاك) جێبەجێ دەكرێت و سوودیش لە خەڵكی مەدەنی لە ناوچە كوردییەكان وەردەگیرێت، بەپێی پێویستی ئەو ناوچانە پێیان.
7ـ بڕگەی (أ) دەستەیەك لە كەسانی شارەزا و تایبەتمەند پێكدەهێنرێت، بۆ ئەوەی بەوپەڕی خێراییەوە ناوچەكە لە هەموو ڕوویەكەوە هەستێتەوە و قەرەبووی ساڵانی ئەم دواییەی رووداوەكان بكرێتەوە، بودجەیەكی تەواویش بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە تەرخان بكرێت، ئەو دەستەیەش سەر بە وەزارەتی كاروباری باكوور دەبێت.
بڕگەی (ب) ئامادەكردنی پلانی ئابووری بەشێوەیەك كە پەرەسەندنی هاویەكی و یەكسانی لە هەموو لایە جیاجیاكانی عێراق دابین بكات بە چاودێریكردنی بارودۆخی دواكەوتوویی لە ناوچەی كوردیدا.
بڕگەی (جـ) تەرخانكردنی موچەی خانەنشینی بۆ خێزانی ئەو كەسانەی لە بارودۆخی نەخوازراوى شەڕ لە بەشداربووانی بزاڤی چەكداریی كورددا شەهید كراون و بۆ خەڵكی تر و بۆ ئەوانەی بەهۆی ئەو بارودۆخەوە تووشی شێواوی و ئاوارەیی هاتوون، بەپێی یاسایەكی تایبەتی لەسەر شێوەی یاسا كارپێكراوەكان. بڕگەی (د) كاركردنی خێرا بۆ فریاكەوتنی خەڵكی زیان لێكەوتوو و دەستكورت لە رێگەی تەواوكردنی پرۆژەی خانوو دروستكردن و شتی تر كە كار بۆ بێكاران دابین دەكات و پێشكەشكردنی یارمەتیی كەلوپەل و پارە بەشێوەیەكی گونجاو و قەرەبوویەكی ماقووڵ بدرێت بەو زیان لێكەوتووانەی پێویستییان بە یارمەتی هەیە، ئەمەش بە لیژنەی باڵاى ڕێککەوتنەکە دەسپێردرێ و ئەوانەی لێ هەڵدەهاوێژرێ كە بڕگەی پێشوو گرتوونییەوە.
8ـ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی گوندە عەرەبی و كوردییەكان بۆ شوێنەكانی پێشوویان، بەڵام ئەو گوندانەی كەوتوونەتە ئەو ناوچانەی ناكرێ بكرێن بە ناوچەی نیشتەجێ بوون، ئەوا حكومەت بۆ مەبەستی سوودی گشتی بەپێی یاسا دەیانكات بە موڵكی خۆی و لە ناوچەی نزیك ئەوێ نیشتەجێیان دەكات و هەر زەرەر و زیانێكیش بەهۆی ئەوەوە لێیان كەوتبێ، قەرەبوویان بۆ دەكاتەوە.
9ـ پەلەكردن لە پیادەكردنی یاسای چاككردنی كشتوكاڵ لە ناوچە كوردیەکان و هەمواركردنی بەشێوەیەك كە پاكتاوكردنی پێوەندیی دەرەبەگایەتی مسۆگەر بكات، هەموو جوتیارەكانیش پارچە زەویی گونجاویان پێببڕێت و لەو باجە كشتوكاڵییەش ببەخشرێن كە لە ماوەی ساڵانی شەڕی نەخوازراودا لەسەریان كۆبووەتەوە.
10ـ رێككەوتن لەسەر هەمواركردنەوەی دەستووری كاتی بەمشێوەیەى خوارەوە:
أـ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كوردن، ئەم دەستوورە دان دەنێت بە مافی نەتەوەیی گەلی كورد و مافی هەموو كەمایەتییەكان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا.
ب ـ زیادكردنی بڕگەی (زمانی كوردی زمانی فەرمی دەبێت لە ناوچە كوردییەكاندا شان بەشانی زمانی عەرەبی) بۆ ماددەی چوارەمی دەستوور.
جـ ـ چەسپاندنی هەموو ئەوانەى کە لە پێشەوە باسکران لە دەستووری هەمیشەییدا.
11ـ گەڕاندنەوە و رادەستکردنی ئێستگەی رادیۆ و چەكە قورسەكان بۆ حكومەت، ئەمەش بەند دەبێت بە جێبەجێكردنی قۆناغە كۆتاییەكانی رێككەوتنامەكە.
12ـ جێگرێكی سەرۆك كۆمارى عێراق بۆ كورد دەبێت.
13ـ یاسای پارێزگاكان بەشێوەیەك هەموار دەكرێتەوە كە لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا بگونجێت.
14ـ دوای ڕاگەیاندنی بەیاننامەكە، بە راوێژ لەگەڵ لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی بەیانەكە، كاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ یەكخستنی ئەو پارێزگا و یەكە كارگێڕییانەی زۆربەی زۆری كوردیان تێدا دادەنیشن بەپێی ئەو ئامارە ڕەسمییانەی دەكرێن و، دەوڵەت هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو یەكە كارگێڕییانە و قوڵكردنەوە و فراوانكردنیان، بۆ ئەوەی گەلی كورد پێڕەوی سەرجەم مافە نەتەوەییەكانی خۆی بكات بۆ دەستەبەركردنی شادبوونی بە ئۆتۆنۆمی، تا ئەو یەكە كارگێڕییەش دێتەدی، هاوئاهەنگی كاروباری نەتەوەیی كورد لە رێگەی كۆبوونەوەی دەوری دەكرێت كە لەنێوان لێژنەی باڵا و پارێزگارەكانی ناوچەی باكور دەبەسترێن، لەبەرئەوەی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی كۆماری عێراقدا جێبەجێ دەكرێت، بێگومان وەبەرهێنانی هەموو سامانێكی سروشتی لەم ناوچەیەدا تایبەتە بە دەسەڵاتداریی ئەم كۆمارە.
15ـ گەلی كورد بە رێژەی دانیشتوانی لەچاو دانیشتوانی عێراق، بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەكات.