فلتەری هەوای نەبووە
کارگەیەکی درووستکردنی شیش لە هەولێر سزادرا
964+
ژوولی عەدنان
کارگەیەکی شیش لە رێگەی مەخموور فلتەری هەوای نەبووە و رۆژانە ئاسمانی شارەکەی پڕکردووە لە دووکەڵ، فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش داوای یاسایی لەسەری تۆمارکرد.
کارگەکە ساڵێک پێش ئێستاس ئاگادار کراوەتەوە و سزای پێبژاردنی بۆ کراوە، بەڵام گوێی پینەداوە و دوای ئەوە بەردەوامبووەتەوە لە پیسکردنی ژینگە.
فەرمانگەی ژینگەی هولێر لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت ” فەرمانگەکەیان لە رێگەی لێژنەی تۆمارکردنی داوای مافی گستی سکاڵای یاساییان لە دژی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیش دەرکردووە، بە هۆی پیسکردنی ژینگە”.
باسیان لەوەشکردووە کارگەکە دەکەوێتە ناوچەی پیشەسازی تیمار، رێگای مەخمورە و لەکاتی کارکردنی کارگەکە دوکەڵێکی زۆری بە ئاسمانا کردووە .
ئەمەش یەکەم جار نییە ئەو کارگەیە ئاگادار بکرێتەوە ” لە ناوەڕاستی ساڵی 2023 سزای پێبژاردنی کراوە، لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێرەوە، و بە یاسایی ئاگادار کراوەتەوە” راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر وا دەڵێت.
وتوشیانە ” پێویستە کارگەکە سیستمی پێشکەوتنی فلتەری هەوا دابنێت و تەواوی کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش ئاگاداری یاساکانی پاراستنە ژینگەییەکانی ژمارە 2ی نیسانی 2023 ببن و سەرپێچی نەکەن”.