دەست بە دابەشکردنی نەوتە بەلاشەکە کرا

هێرۆ مەولودی

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستیکردووە بە دابەشکردنی ئەو دوو ملیۆن لیتر نەوتەی حکومەتی عێراق كە بەخۆڕایی بە هەرێمی کوردستانی داوە.

کەمێک پێش ئێستا، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند کە دەستکراوە بە دابەشکردنی دوو ملیۆن لیترە نەوتە سپییەکەی بەغدا بە هەرێمی کوردستانی داوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم باسی لە میکانیزمی دابەشکردنی ئەو نەوتە کرد و ئەوەی خستەڕوو، 30 تانکەر رەوانەی سلێمانی کراوە، هەروەها 20 تانکەر لە هەولێر و 10 تانکەر لە دهۆک دابەشدەکرێت.

هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، نەوتەکە بەسەر ئەو هەژار و کەمدەرامەتانە بەخۆڕایی دابەشدەکرێت کە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاکانەوە ناوەکانیان تۆمارکراوە، هەر خۆیشیان سەرپەرشتی دابەشکردنی نەوتەکە دەکەن.

لەبارەی ئەو نەوتەی لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە دابەشدەکرێت، جوتیار عادل وتی “ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت هیچ پەیوەندی بەو بڕە نەوتە نییە کە رێکخراوە خێرخوازییەکان دابەشیدەکەن”.

پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەی راگەیاندبوو کە توانیویانە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان و دوورە دەستەکان دابەشبکەن.