داواکاری پارێزگاری هەڵەبجە لە وەزارەتی ناوخۆ

با وەک بازنەیەکی سەربەخۆ سەرژمێری لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت

964+

شۆڕش قادری

پارێزگاری هەڵەبجە داوا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەکات، لە پرسی سەرژمێریدا، وەک بازنەیەکی سەربەخۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت.

لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە ئارستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی کردووە و وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، هاتووە،  “بڕیارە لە 20.11.2024 سەرژمێری ئەنجام بدرێت و لەگەڵ ئەوەی لە رابردوودا چەندین جار بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە، پرسی سەرژمێری وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا لەلایەن دەستەی ئاماری حکومەتی فیدڕاڵ وەک قەزایەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت”.

ئازاد تۆفیق دەڵێت، “لانیکەم ئەگەر بەهۆی کەمی کات نەتوانرا وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ سەرژمێری لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، ئەوا دەتوانرێت وەک بازنەیەکی سەربەخۆ پڕۆسەکە لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت”.

هەڵەبجە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 19 و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارە 1694ـی ساڵی 2014 و بەپێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی کوردستان بووەتە پارێزگا و ساڵی 2022ـش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای پێکهێنانی پارێزگاکەی پەسەند کردووە.

وێنەیەکی نووسراوەکەی پارێزگاری هەڵەبجە لە خوارەوە:

با وەک بازنەیەکی سەربەخۆ سەرژمێری لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت