"جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە وەستاوە"
شۆفێرانی بارھەڵگر لە مەرزی پەروێزخان مانیان گرت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ یەکشەممە 6.10.2024 ھیچ بارھەڵگرێک لە مەرزی پەروێزخانەوە نەچووەتە دیوی ئێران، وەک شۆفێرانی بارهەڵگرەکان دەڵێن، مانیان گرتووە و سبەینێش ناڕۆنە ئێران.
شۆفێری بارھەڵگرێک کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە 964ـى وت، “کەسێک لە دیوی ئێرانەوە بارگرانی بۆ شۆفێرەکان دروست دەکات و سزای دارایی زۆری شۆفێرە کوردەکان دەدات”.
“پێشتر بە دەبە سووتەمەنیمان لە ئێرانییەکان دەکڕی و دەمانهێنایە ئەمدیوم، بەڵام ماوەیەکە قەدەغە کراوە و رێپێدراو نییە، سەرەڕای ئەوەش ئێرانییەکان فێربوون و ئێستا بە زۆر دەبە بەنزین و گاز دەخەنە ناو ئۆتۆمبێلی کوردەکان، ئەگەر دوو دەبە بەنزین یان گازەت پێبێت، ئەو بەرپرسە ئێرانییە بە رێژەی 20 دەبە سزای داراییت دەدات و لە حەقی خۆی زیاتر وەردەگرێت”، ئەو شۆفێرە وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمڕۆ ھیچ بارھەڵگرێک نەڕۆیشتووەتە ئێران، جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە وەستاوە و لە رۆژانی داھاتووش ئامادەنین بڕۆنە دیوی ئێران، تا ئەو کاتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە لادەبرێت”.
سەبارەت بەو پرسە، 964 چوار جار پەیوەندیکرد بە عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەڵام پەیوەندییەکانی داخستەوە و وەڵامی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری