پسوڵەى خۆراک دەکرێت بە ئەلیکترۆنى

لەمەودوا لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکەوە بەشەخۆراک وەربگرن

964+

وریا فەتاح

وەزارەتى بازرگانى عێراق بەنیازە لە داهاتوویەکى نزیکدا رێکارەکانى بە ئەلیکترۆنی کردنى پسوڵەى خۆراک (فۆڕمى بەیاعى)، بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڕێوەبەرى پسوڵەى خۆراکى هەولێریش دەڵێت، کارئاسانى زۆرى تێدایە.

بەپێى لێدوانى ستار جابرى، بریکارى وەزارەتى بازرگانى عێراق کە قسەى بۆ میدیا عێراقییەکان کردووە، بەم نزیکانە فۆڕمى بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتیان لە کاغەزەوە دەکەن بە ئەلیکترۆنى و رێکارەمان دەستپێدەکەن.

وەک باسى دەکات، دیزاینکردنى سیتەمەکە دەستیپێکردووە هەر بۆیە لە رابردوودا هەموو مامەڵەیەکى تۆماركردنی نوێ و جیاكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه و گۆڕینی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاکانیان راگرتووە.

لاى خۆیەوە، سیامەند قادر نانەکەلى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پسوڵەى خۆراکى هەولێر بە 964ـى وت،”بڕیار بوو لە سەرەتاى ئەم مانگەوە رێکارەکانى بە ئەلیکترۆنی کردنەکە دەستپێبکات، بەڵام جارێ هیچ نوسراو و بڕیارێکى نوێمان پێنەگەیشتووە”.

وەک باسى دەکات، بە ئەلیکترۆنی کردنەکە کارئاسانى زۆر بۆ هاوڵاتیان و بریکارەکانى خۆراک و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى خۆراک دەکات.

“لەلایەک هاوڵاتیان چیتر پێویست ناکات سەردانى فەرمانگەکانى پسوڵەى خۆراک بکەن، لەلایەکى ترەوە چیتر لە فەرمانگەکان قەرەباڵغى دروست نابێت و هاوڵاتی لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکەوە زانیارییەکان دەنێرێت و کارەکانى بۆ رایى دەکرێت، بریکارەکانى خۆراکیش لە رێگەى هەمان ئەپڵیکەیشنەوە بەشەخۆراک دەدەن بە هاوڵاتیان کە تێیدا کات و رۆژ و جۆر و بڕى ئەو ئایتمانە تۆمار دەکرێن کە دەیدات بە هاوڵاتیان”. سیامەند قادر نانەکەلى واى وت.

لە 6.9.2024ـەوە، سەرجەم مامەڵەکانى نوێکردنەوە و دەرهێنان و گواستنەوەى پسوڵەى خۆراک راگیراوە، لەبەر ئەوەى وەزارەتى بازرگانى عێراق دەیەوێت تا سیستمەکە دەکرێت بە ئەلیکترۆنى هیچ مامەڵەیەکى نوێ ئەنجام نەدرێت.

له‌ هه‌ولێر بەم نزیکانە بەشەخۆراکی سەبەتەی حەوتەم دا...

له‌ هه‌ولێر بەم نزیکانە بەشەخۆراکی سەبەتەی حەوتەم دابه‌ش ده‌كرێت